ھاووڵاتیان بۆ KDP: بەھۆی ئەو شەقام و ڕێگەوبانە خۆشانەوە ژیانی ڕۆژانەشمان ئاسان بووە

ھەولێر-KDP.info- ھاووڵاتییان لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، دڵخۆشیی خۆیان لە بارەی پڕۆژەکانی شەقام و ڕێگەوبانەکان دەربڕی و دەڵێن: ڕووداوی نەخوازراو و جەنجاڵی شەقامەکان کەم بوونەتەوە و ژیانی ڕۆژانەمان ئاسان بووە.
ئەبوبەکر جەرجیس، ھاووڵاتیەکی دەڤەری سۆرانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، "لە زۆر شوێن سەختیی ڕێگەوبان و نەبوونی شەقامی شیاو ناڕەحەتی بۆ ھاتووچۆ دروست دەکرد، ھاوکات ئاستەنگیش بۆ لایەنی گەشتوگوزار و گەیاندنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان دەھاتە ڕێ و ساڵانێکی زۆر بوو بەدەست ئەمەوە گیرمان خواردبوو.
ئەو ھاووڵاتییە کە دانیشتووی گوندی بادلیانە دەڵێت، "ئێستا پاش دروستکردنی ئەو ھەموو پڕۆژەیە لە سێکتەری ڕێگەوباندا، ھاتووچۆی نێوان گوند بۆ شار ئاسان بووە و چیتر ڕووبەڕووی جادەی سەخت و قیڕتاونەکراوەکان نابمەوە.
بەھزاد محەممەد مەعرووف، لە گوندی دێلزیان دادەنیشێت و خوێندکاری قۆناغی پێنجی بەشی یاساییە لە زانکۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، "چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگە گشتییەکان، کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیان ھەبووە. من وەک قوتابییەک چەند ساڵێکە ڕێگەی زانکۆم بۆ ئاسان کراوە و چیتر نیگەرانی ڕێگەی سەخت نیم بۆ گەشتن بە زانکۆ.
ئەو قوتابییەی یاسا، سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی دەکات کە ھەوڵی دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ھاووڵاتییان دەدات و دەڵێت، "ئەوەی بەدەست ھاتووە، تەنیا کۆمەڵێک پڕۆژە نییە، بەڵکوو دیدگایەکی ھەمەلایەنەی گەشەپێدانە بۆ بنیاتنانی ئاییندەیەکی خۆشگوزەران بۆ ھەرێمی کوردستان.
زکری عیساش کە ھاووڵاتییەکی دەڤەری سۆرانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "ھەموومان دەزانین کە ڕێگەوبانی باش ئاسانکاری زۆر دەکات بۆ ھاووڵاتیان بەگشتی و شۆفێران بەتایبەتی، ئەوەی ئێستاش کراوە و چاوەڕوانین لە ئایندە باشتریش بکرێت مایەیی خۆشحاڵی و دڵخۆشی ھەموومانە و ژیانیشمان سەلامەتترە و مەترسی لەسەر ژیانیشمان کەمکردۆتەوە، ئێستاش وەک خۆم زۆر ھەست بە ئاسانکاری دەکەم کە شۆفێری دەکەم بە نێو ڕێگە و شەقامە قیرتاوکراوەکانی کوردستاندا.
ئەژین غەفار




