په‌یامى سه‌رۆكی ھەرێمی کوردستان ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق

ھەولێر-KDP.info- سبه‌ى ده‌نگدانى گشتى بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت. داوا له هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌م كه مافى ده‌نگدانیان هه‌یه، به‌شدارییه‌كى كاراى تێدا بكه‌ن. به شێوه‌یه‌كى شارستانى و ئازادانه ده‌نگ بده‌ن. چاره‌نووس و داهاتووی نیشتمان، جێبه‌جێكردنى ده‌ستوور و چه‌سپاندنى باشترى فیدراڵى، بە بەشدارى و ده‌نگى ئێوه، دیارى ده‌كرێت.
ده‌نگدان ماف و ئه‌رك و په‌یام و ئه‌مانه‌ته. بەرپرسیاریه‌تییەکی نیشتمانى و دەرفەتێکی نوێبوونەوەیە بۆ ئەوەی بە دەنگی ئازادتان، قۆناغى داهاتووى پرۆسه و ژیانى سیاسى له عێراق وێنا بكه‌ن، به‌شدار و هاوبه‌ش بن لە به‌دیهێنانى زیاترى سه‌قامگیریى سیاسی، خزمەتگوزاریی باشتر، پێشكه‌وتن و ژیانێکی شایستە بۆ هه‌مووان.
دەنگدان، پابەندیتانه بە مافەکانتان و به پته‌وكردنى پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له عێراقی فیدراڵیدا. بەشداریی فراوانتان لە ده‌نگداندا، پێگەی هه‌رێمى کوردستان له عێراقدا بەهێزتر و دەنگی لە بەغدا دلێرتر دەکات. پەیامێکی ڕوون دەنێرێت لەسەر پابەندیی گەلی کوردستان بە دیموکراسی و ژیانی هاوبەش و گفتوگۆ بۆ بنیاتنانى داهاتوویه‌كى گه‌شتر بۆ گه‌لى كوردستان و هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق.
داوا له لایەنه پەیوەندیدارەکان ده‌كه‌م به‌وپه‌ڕى به‌رپرسیاریه‌تى و پیشه‌یییانه، به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى ده‌نگدانێكى بێگه‌رد و ئازاد، به ڕێكوپێكى و ئارامى مسۆگه‌ر بكه‌ن. لایه‌نه سیاسییەکانیش بەرپرسیارانه و به‌پێى یاساكان، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌كه‌دا بكه‌ن و هه‌موو لایه‌ك له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردندا هاریكار بن. ئه‌ركى هه‌موومانه ڕوویه‌كى جوانى دیموكراسى و شارستانیى هه‌رێمى كوردستان نیشان بده‌ین.
هه‌موو ده‌نگێك بۆ كوردستان گرنگه. ده‌نگ بده و له وێناكردنى داهاتووى خۆت و وڵاته‌كه‌دا به‌شدار به.
هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازم.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان




