٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قوتابیانی زانكۆ بۆ KDP: مەسروور بارزانی ماڵ و دڵەکانمانی ڕووناک کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، قوتابیانی زانكۆكانی كوردستانیش، لە ڕێی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، سوپاسی سەرۆكی حكوومەت دەکەن کە کارەبای ۲٤ کاتژمێری له‌ كابنه‌ی نۆیەمدا دابین کردووە و دەڵێن: مەسروور بارزانی ماڵ و دڵەکانمانی ڕووناک کردەوە.

سەروین عەبدولڕەحمان، قوتابیی کۆلێژی کارگێڕی کارە (تەمەن ۲۲ ساڵ) لە هەولێر، کە لە منداڵییەوە بەدەست لاوازیی بینایی چاوەکانییەوە دەناڵێنێت، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پڕۆژەی ڕووناکی و دابینکردنی کارەبای ۲٤ کاتژمێری له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ ناخی دڵه‌وه‌ هه‌موومانی خۆشحاڵ كردووه‌ به‌تایبه‌تی ئێمه‌ی قوتابی به‌ گشتی، چونكە ئیتر ناچار نین لە شەوە تاریکەکانی زستان بێ کارەبا سەرقاڵی خوێندن و خۆئامادەکردن بین بۆ تاقیکردنەوەکان.

سەروین دەشڵێت، "پڕۆژەی ڕووناکی و دابینکردنی کارەبای ۲٤ کاتژمێری، وای کرد من بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەپەرۆشتر بم و چاوە کەمئاسۆکانم کەمتر ماندوو ببن. پیرۆزبایی لە خوێندکاران دەکەم کە وەک خۆم ئەمساڵ بە کارەبای ۲٤ کاتژمێری دەخوێنن و پڕ بە دڵیش سوپاسی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەکەم کە بەڵێنەکەی بەجێ گەیاند و ماڵ و دڵەکانمانی ڕووناک کردەوە.

نیگا ئیسماعیل، قوتابییەكی ترە و لە بەشی کۆمەڵناسی دەخوێنێت، کە دانیشتووی قەزای ڕواندزە، لەبارەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، "کارەبای ۲٤ کاتژمێری کاریگەریی تەواوی لەسەر پڕۆسەی پەروەردە هەیە. زۆر جار لە کاتی خوێندن و خۆئامادەکردن بۆ سیمینار و وانەکانی زانکۆ و پەیمانگا، لەناکاو کارەبا دەپچڕا، بەمەش قوتابیان نەیاندەتوانی بەردەوام بن.

"خۆم یەکێکم لەو قوتابییانەی زۆر جار بەهۆی نەبوونی کارەبا یاخود لەناکاو پچڕانی، کێشەم بۆ دروست دەبوو و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خۆئامادەکردنم بۆ تاقیکردنەوە و وانەکان بەجێ دەهێشت." نیگا وا دەڵێت.

لە شاری سۆرانیشەوە، ئادار عەبدوڵڵا، كە تازە دەرچوویەکی پەیمانگەی کۆمپیوتەرە، لەم بارەیەوە بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لەوانەیە کارەبای ۲٤ کاتژمێری تەنیا بە دیوە خزمەتگوزارییەکەی ببیندرێت، بەڵام پڕۆژەی ڕووناکی پەیوەندیی ڕاستەوانەی لەگەڵ بواری پەروەردە و خوێندندا هەیە. ئەو کاتانەی کاتژمێرەكانی كارەبا كەم و دیاریكراو بوو، ڕاستەوخۆ لەگەڵ پچڕانی کارەبا، کارەکانم لەسەر لاپتۆپ و گەڕانەکانی نێو گوگڵ و ئینتەرنێتم بۆ ئاستەنگ دەبوو و نەمدەتوانی بە تەواوی ئەرکەکانم ڕابپەڕێنم.

"سوپاس بۆ خودا و دواتر سوپاس بۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان کە ئەم کێشەیەمان چارەسەر بوو. به‌ڕێز مەسروور بارزانی لە ڕێگەی دابینکردنی کارەبای ۲٤ کاتژمێرییەوە نەک تەنیا ماڵەکانی ڕووناک کردەوە، بەڵکوو کارئاسانی بۆ خوێندکاران، نووسەران و توێژەرانیش کرد." ئەمە دوایین پەیڤەكانی ئادار بوو.

هاوكات چه‌ند ڕۆژێكیش به‌ر له‌ ئێستا، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کارەبای 24 کاتژمێری بۆ نزیکەی 4.5 ملیۆن هاووڵاتی، کە دەکاتە نزیکەی 70%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی دابین كراوه‌.

 

ئەژین غەفار

هەواڵی پەیوەندیدار