کۆمیسیۆن داوایەكی هەیە و دەشڵێ ژماردنەوەی دەستی و ئەلیکترۆنیی هاوتای یەک بوون

هەولێر-KDP.info-کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی و ئەلیکترۆنیی دەنگدانی تایبەت هاوتای یەک بوون، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات تا ئێستا چوار سکاڵا تۆمار کراون.
بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 9ـی 11، بنکەکانی دەنگدان لە سەرانسەری عێراقدا دەرگاکانیان بەڕووی دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەتدا بۆ شەشەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردەوە و ڕێژەی دەنگدان 82.42% بوو.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆن لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پرۆسەی ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی و ئەلیکترۆنیی دەنگدانی تایبەت تەواو بووە و دەنگەکان هاوتای یەک بوون".
کۆمیسیۆن لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە چوار سکاڵایان لە ماوەی دەنگدانی تایبەتدا پێگەیشتووە، ئەوانیش لە هەندێک لە نووسینگەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان وەرگیراون.
پێشتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ڕایگەیاندبوو، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەتدا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گەیشتووەتە 82.42%، ژمارەی دەنگدەرانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 دەنگدەر بووە. لەگەڵ ئەو ژمارەیەش 26 هەزار و 986 ئاوارە دەنگیان داوە. کۆی ژمارەی دەنگدەران لە دەنگدانی تایبەتدا گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 104 هەزار و 816 دەنگدەر بووە.
کۆمیسیۆن داوا لە هاوبەشەکانی دەکات، لەوانە دەنگدەران، هاوپەیمانێتییەکان، کاندیدەکان، میدیاکاران، چاودێران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەشداری لە سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردندا بکەن.




