٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری هەولێر: پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە ئارامی و بێ کێشە بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  پارێزگاری هەولێر، سەردانی چەند بنکەیەکی دەنگدانی تایبەتی کرد و ڕایگەیاند، پڕۆسەکە بە ئارامی و بێ کێشە بەڕێوە دەچێت و هیچ گرفتێکی ئەوتۆ ڕووی نەداوە کە ببێتە هۆی دواخستنی.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەریی بەرپرسانی کۆمسیۆن، سەردانی چەند بنکەیەکی دەنگدانی لە ناو شاری هەولێر کرد.

لە سەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر چاودێریی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەی کرد. دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وێڕای دەستخۆشیکردن لە کۆمسیۆن، دڵنیاییدا پرۆسەی دەنگدان بە ئارامی و بێ کێشە بەڕێوە دەچێت.

ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرچییەکی لە توانادا بووە کراوە، تاکو پرۆسەکە بە ئارامی و دروستی بێ کێشە و گرفت بەڕێوە بچێت".

سەبارەت بە ڕەوشی دەنگدان، گوتی: "تاکو ئێستە هیچ گرفتێکی وا نەبووە ببێتە هۆی لە کارخستن یاخود دواخستنی پرۆسەکە، پڕۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و دەستخۆشی لە نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆن دەکەین کە ئامادەکارییەکانیان بە باشی کردووە".

لەبارەی بڕیاری قەدەغەکردنی مۆبایل، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "بڕیاری قەدەغەکردنی مۆبایل بۆ بنکەکانی دەنگدان لە پێناو سەلامەتی پرۆسەکەیە، تاکو هاووڵاتییان بۆ کاندید و لایەنی سیاسیی خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن و هیچ فشارێک لەسەر هاووڵاتییان نەبێت".

هەواڵی پەیوەندیدار