فەرماندەی لەشکری هەڵۆ: ئەمڕۆ پێشمەرگە بە دەنگ بەرگریی لە مافەکانی خۆی دەکات

هەولێر-KDP.info- فەرماندەی لەشکری تایبەتی هەڵۆ گوتی، پێشمەرگە لە ڕابردوو و ئێستاش بەخوێن بەرگریی لە خاک و نیشتمان کردووە، ئەمڕۆش لە پرۆسەی دەنگدان، بە دەنگ بەرگریی لە مافەکانی خۆی دەکات.
ڕەوان بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی هەڵۆ ڕایگەیاند، ''پێشمەرگە بە دەنگدان بۆ مافەکانی خۆیان بەرگری دەکەن و پرۆسەی دەنگدانی تایبەتیش زۆر بە هێمنی و بە باشی بەڕێوەدەچێت.''
فەرماندەی لەشکری تایبەتی هەڵۆ، دوای ئەوەی لە بنکەی دەنگدانی کەرنەڤاڵ لە هەولێر بەشداریی لە دەنگدانی تایبەت کرد، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان ئاماژەی بەوە کرد، ''پێشمەرگە هەروەکو چۆن هەمیشە بەرگریی لە خاکی کوردستان کردووە، ئەمڕۆش بە دەنگدان بۆ مافەکانی خۆیان، بەرگری دەکەن.''




