مەنسوور بارزانی: 11-11 هەمووان وەکو پێشمەرگە دەنگ بدەن بۆ بەهێزیی کوردستان

ھەولێر-KDP.info- فەرماندەیی لەشکری یەک و گوڵان، گوتی، داوا لەخەڵکی کوردستان دەکەم ڕۆژی 11ـی 11 بچنە دەنگدان و دەنگی خۆیان بەو لایەنانە بدەن کە جێگەی متمانەن، تاوەکوو کوردستان ئاوەدانتر بێت.
ئەمرۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، مەنسوور بارزانی: فەرماندەیی لەشکری یەک و گوڵان، دوای ئەوەی دەنگی دا، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژژنامەوانیدا گوتی، "من وەکوو پێشمەرگەیەکی هەرێمی کوردستان، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم، لە ڕۆژی 11ـی 11 پێشمەرگە بن.
ئاماژەی بەوەشدا، هەر وەختێک هەرێمی کوردستان پێویستی بە بەرگریی هەبووبێت، پێشمەرگە بە خوێنی خۆی بەرگریی کردووە، دەشڵێت، "ئەو ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ماندووبون و قوربانیدانی پیشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەیە".
مەنسوور بارزانی باسی لەوەشکرد، هەرکات هەرێمی کوردستان پێویستی بە بەرگریی پێشمەرگە هەبووبێت، پیشمەرگە لەبەرەی پێشەوە بوو، ئەوکاتەی پێویستی بەدەنگی پێشمەرگەش بووبێت، دیسانەوە پێشمەرگە پێشەنگە و ئامادەیە بەباشترین شێوە بەشداریی بکات و بچێتە سەر سندووقی دەنگدان.
راشیگەیاند، پێشمەرگە ئەو نوێنەرانەی خۆیان باوەڕیان پێیەتی هەڵیدەبژێرن، بۆ ئەوەی بچنە پەرلەمانی داهاتووی عێراق، تاوەکوو ئەو مافانەی هەرێمی کوردستان کە لە دەستووردا هاتووە و پێشێلکراوە بەدەست بهێننەوە، پەیامیشم بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەیە لە ڕۆژی 11ـی 11 پێشمەرگە بن و دەنگ بەوانە بدەن کە باوەڕیان پێیەتی.




