فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی پەیامێکی ئاراستەی پێشمەرگە و هاووڵاتییان کرد

ھەولێر-KDP.info- فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی، تیشکی خستە سەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و پەیامێکی ئاراستەی پێشمەرگە و هاووڵاتییان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، عەزیز وەیسی فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دەنگی ئێمە هەموومان وەک یەکە و هیچ جیاوازییەک لەنێوان فەرماندە و پێشمەرگەدا نییە." هیوای خواست کە پێشمەرگە بە شێوازێکی ئارام و ڕێکوپێک، وەک هەمیشە، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ڕێکخستنی خۆیان تێکنەدەن.
فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی جەختی کردەوە ئەم ڕۆژە بۆ تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگە و بە ڕۆژێکی مێژوویی وەسفی کرد. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشمەرگە بە گەرمی پێشوازییان لە پرۆسەکە کردووە و هیواشی خواست لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیشدا لە 11ـی 11ـی ئەم مانگە، هاووڵاتییانیش بە هەمان جۆشو خرۆشەوە بەشداری بکەن. لەو باوەڕەدایە ئەم هەڵبژاردنە بەهۆی بوونی کێبڕکێی زۆرەوە، دەبێتە وەرچەرخانێک لە تەواوی عێراقدا و هیوای سەرکەوتنی بۆ پرۆسەکە و بۆ کوردستان خواست.
سەبارەت بە ئەرکی ئەمنیی، عەزیز وەیسی ئاشکرای کرد، زیاتر لە 500 خاڵ بۆ پێشمەرگە دیاری کراوە کە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا لە ئامادەباشیدابن و وەک هێڵی سێیەمی بەرگریی، لەدوای پۆلیس و ئاسایش، ئەرکیان لە ئەستۆیە. ڕوونیکردەوە، ئەگەر هەر حاڵەتێکی نەخوازراو ڕووبدات، پێشمەرگە ئاگادار دەکرێتەوە بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی دیکە. لە کۆتاییدا، وەیسی دووپاتی کردەوە "کاری پێشمەرگە قوربانیدانە بە ژیانی، و هەمیشە قوربانییان داوە تاکوو هاووڵاتییان بە ئارامی و خۆشی بژین."




