٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوایین پەیام لە (فازڵ میرانی)ـیەوە بۆ ھەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

وەفاداریی بۆ خەڵک.

بۆ خاک، ئینجا بێدەنگیی ھەڵبژاردن

خانمی بەڕێز، برای ئازیز.

دەنگی ئێوە دوو ھێزی کاریگەرن لە پارسەنگی دیموکراسی و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەکانیان، مافی ئەو کەسە بێ بەشانەی کە بەردەوام بوونەتە قوربانیی دەسەڵاتە ستەمکارەکان.

بە دەنگی ئێوە، وەفاداری بۆ مرۆڤ لە وڵاتەکەماندا بەھێزتر دەبێت، ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین کە دامەزراوەی خزمەتگوزاریی ڕاستەقینە بۆ ھەموومان ھەبێت، کە چاودێریی تاک و خێزان بکات و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات، چونکە ئەمە مافێکی ڕەوای ھەمووانە بەسەر نیشتمانەکەیانەوە.

وڵاتێکی وەک وڵاتی ئێمە، کە فرە نەتەوەیە و دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی داھاتەکانییەوە، دروست نییە ڕێگە بدەین تاقمێک کۆنترۆڵی بکەن و ڕادەستی ھەژاریی و ملکەچیی بکەن. ئێوە سامانی ڕاستەقینەی ئێمەن. ئێوەن بڕیار دەدەن کە سەرچاوە و سامانەکانمان بەرەو ئاراستەی دروستی خۆیان بڕۆن. دەسەڵات دەبێت خزمەتکاری میللەت بێت و پارێزەری ئەو بڕیارە زانستیی و واقیعییانە بێت، کە پێشکەوتن بەدی دەھێنن.

خوێن و سامانمان، دەمارە ژیارییەکانی خاکەکەمان، سەلامەتیی ئاسمانەکەمان، نەوەکانمان و ھەرچییەک، کە ئەم نیشتمانە ھەیەتی، ھەمووی ئەمانەتە لە دەست و دەنگەکانی ئێوەدایە. ھاودەنگمان بن بۆ ئەوەی ڕێ لەو کارەساتانە بگرین، کە ھەڕەشەن بۆ سەر داھاتوومان.

حوکمڕانیی و دەسەڵات لە دەستی ئێوەدایە، دەنگی ئێوە، دەسەڵاتەکان دروست دەکات، ئەم پیشەسازییەش بە پشتگوێخستنی دەنگدان نایەتەدی، ھەروەھا بە ھەڵبژاردنی ئەو کەسانەش ناکرێت، کە ئێستا و داھاتوومان وێران دەکەن.

ئەم پیشەسازییە، پێویستییەکە لەپێناو دروستکردنی ئاسوودەیی، سەلامەتی، گەشەکردن و سەروەریی نیشتمان.

دەنگدانتان بە ئێمە، پشت بە واقیع و مێژوویەک دەبەستێت کە تێیدا ئێمە و ئێوە لە یەک سەنگەرداین، سەنگەرێک کە زوڵم و ستەم و درۆ و ناپاکیی، لە ئەمانەت قبووڵ ناکات.

دەنگدانتان بە ئێمە، ڕێگری لە بەفیڕۆدانی مافەکان دەکات، ھەموو مافە دەستوورییەکان دەبێ بکرێنە ڕاستی و واقیعێکی بەرجەستە، دەبێت ھەموومان یەکسان بین، نە ھەژارییەک کە بەسەرماندا سەپێنرابێت، نە دەوڵەمەندبوونێک کە لەسەر حیسابی لادان و سەرپێچی بنیادنرابێت.

خوێن و سامانتان، ئەمانەتە و بە دەنگدانتان دەیپارێزن، ئێوە گەلانی عیراقن، ئێوەن کە نووسینتان داھێنا و مرۆڤایەتیتان ڕووناک کردەوە، دەنگەکانتان پشتگوێ مەخەن و مەیبەخشنە ئەو کەسانەی، کە زمانی قسەکردنیان تەنیا ھەڕەشە و کوشتن و برسیەتی و بەبیابانکردنە و کارو کردەوەیان تەنیا خزمەتکردنی ئەوانەیە کە شوێنیان کەوتوون.

ئێمە سەروەری خۆمانین، پێکەوە بەرەو بڕیاردان و پێکەوە بۆ پاراستنی داھاتوومان لە چنگی ئەو تاقمەی کە خێروبێری وڵاتەکەمان وەک پارچە خورما لە دەمیان دەجوونەوە.

ئێستا لە قۆناغی بێدەنگیی ھەڵبژاردن نزیک بووینەتەوە، ئەم بێدەنگییە ڕێکارێکە بۆ نیشاندانی ڕێزی پاڵێوراوانە بۆ جەماوەرەکەیان، جا ئەو پاڵێوراوە سەربەخۆ بێت یان حزبی، لەسەر بنەمای ئەوەی کە ھەموو جەماوەر بێلایەنن، ھەرچەندە زۆر ئاساییشە کە لەنێو جەماوەردا ھەم کەسی سەربەخۆ و ھەم لایەنگری حزبی ھەبێت.

ئەم بێدەنگییە لە پشوودانێکی پێش تاقیکردنەوە دەچێت، کاتێک زانیارییەکانی خوێندن لە یادگەدا ڕێک دەخرێنەوە و جەستە وزەی خۆی بۆ کۆ دەکاتەوە تاکو بە ھەوڵێکی کەم، سەرکەوتن بەدەست بھێنێت.

بێدەنگیی ھەڵبژاردن، ڕێگر نییە لەوەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە بڕیاری کۆتایی خۆیان بدەن و دەنگ بەو کەسە بدەن، کە شایستەیەتی، نەک لەسەر بنەمای پڕوپاگەندەی میدیایی و ڕیکلامی زەبەلاح، چونکە زۆرێک لە کەسە دڵسۆزە ڕاستەقینەکان، پارێزەری سامانی گشتی بوون، بۆیە بانگەشەکانیان و خۆناساندن و بەرنامەکانیان بەشێوەیەکی سادە و لەسەرخۆ دەرکەوتن. لە بەرانبەریشدا، کەسانێک ھەن کە زیادەڕۆییان لە بانگەشەدا کردووە بە بەکارھێنانی پارە و سامانی گشتی، بەمەش ڕاستەقینەی بیرکردنەوەی خۆیان ئاشکرا کردووە، کە بۆچی دەسەڵات و زاڵبوونیان بەسەر خەڵکدا دەوێت.

ئێمە گەلێکی ھۆشیارین و لە بەردەمماندا دوو جۆر پاڵێوراو ھەن: جۆرێکیان پۆستی فەرمییان ھەیە و ئەمانەت و دڵسۆزیی خۆیان بۆ سامان و داھاتی گەلەکەمان سەلماندووە، جۆرێکی دیکەش ھەن کە لە سەرچاوەی گوماناوییەوە پارەیان بۆ بانگەشەکانیان خەرج کردووە، تەنانەت ئەگەر بیسەلمێنن کە ئەم پارەیە دیاری و بەخشین بووە (کە ھەرگیز ناتوانن بیسەلمێنن)، ئەوا پەیوەندیی نێوان بەرپرس و بازرگان، خاڵێکی لاوازە لە حوکمڕانیدا، چونکە خاوەن پارەکە دەیەوێت بەرھەمی پشتیوانییەکەی و ئەو پارەیەی کە وەبەریھێناوە، بچنێتەوە.

بە دەنگدانتان لە ھەڵبژاردنەکاندا، ئێوە بڕیار لەسەر ھەردوو تای تەرازووی ھێزی یاسادانان دەدەن، ئێوە بڕیار دەدەن کێ ئەو کورسییەی پەرلەمان پڕ بکاتەوە:

ئەندام پەرلەمانێک کە لە کارەکەی تێبگات و دڵسۆزی دەنگدەرانی بێت؟ یان نەزانێک و یان نیمچە نەزانێک، یان یەکێک کە چاوی لە پلەو پایە و ناوبانگ بێت و ڕاوچی گرێبەستەکان بێت؟

ئێوە بڕیار لەسەر ڕۆڵی ئەو ئافرەتە دەدەن، کە دەبێتە ئەندامی پەرلەمان و پێگەی ئافرەت عێراقی بەھێز دەکات و شارستانیەتیش شایەدی بۆ دەدات، کە چەندە داپیرە، دایک، خوشک و کچێکی نموونەیی بووە.

با پێکەوە بین بۆ گەیاندنی نوێنەرێکی بەڕێز و ھۆشیار بەو شوێنەی کە شایەنیەتی.

لەگەڵ ئێمەدا، ئەم بڕیارە و ئەو واقیعە دێتە دی، لەگەڵ ئێمەدا، شکۆ و پێگەی یاسایی پەرلەمان دەگەڕێنینەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار