٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: حکوومەتی فیدڕاڵی مامەڵەیەکی هەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کردستان ڕایدەگەیێنێت، لە بوودجەی ٢٠٢٦، جەخت لە دابینکردنی بوودجە دەکەینەوە نەک تەنیا مووچە، و بەھیچ جۆرێکیش قبووڵی ناکەین چیتر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بە کەموکوڕییەوە ڕەوانە بکرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦-١١-٢٠٢٥، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لەسەر قەڵای دێرینی ھەولێر پێشانگایەکی تایبەت بە ئاشنابوون بە ناسنامەی کورد لەڕێگەی ھونەری ڕەسەن و ھاوچەرخەوە کردەوە کە دامەزراوەی "کوردستان فاوەندەیشن" پێی ھەڵسا بوو. دواتر بەشداری گفتوگۆیەکی لەگەل چەند گەنجێک کرد.

"لە ٢٠١٣ـەوە حکومەتی عێراق رێگەی بە دامەزراندن نەداوە"

لەبارەی کارکردن و ھەلی کارەوە، مەسروور بارزانی گوتی: "دوو جۆر کار ھەن، یەکەم کارکردنە لە کەرتی تایبەت و ئەوی دیکەیان لە کەرتی گشتی. لە ساڵی ٢٠١٣ەوە تاوەکو حکوومەتی عێراق رێگەی بە ھیچ دامەزراندنێک نەداوە، ئەوەی کراوە ھەمووی گرێبەست بووە، ئەمە رێگرییەکی گەورە بووە لەوەی کە خەڵکی نوێ لە کەرتی گشتی دابمەزرێن."

بە گوتەی مەسروور بارزانی، دەکرێ کەرتی تایبەت زۆر ئەو دەرفاتەنە فەراھەم بکات کە گەنجان بەدوایدا دەگەڕێن، "لەم چەند ساڵەی رابردوودا ١٤٠ ھەزار ھەلیکار رەخسێنراوە."

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "پرۆژەی دیکەمان ھەیە، وەکو پرۆژەی گەشانەوە، بۆ ئەو گەنجانەی دەیانەوێ بزنسی خۆیان ھەبێ یاخود گەورەی بکەن، ئەم پرۆژەیەش بەردەوامە بۆ ئەو گەنجانە و حکوومەت دەتوانێت یارمەتییان بدات."

"ھەژماری من تەنیا بۆ مووچە نییە"

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان باسی کەرتی ئابووری و سیستمی بانکی لە ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "پێش ھەموو شتێک دەبێ ژێرخانێکی دروستی ئابووریمان ھەبێ کە بەداخەوە نەبووە، وەکو ئەوەی ھەر ھاووڵاتییەک بیەوێ بچێ لە حسابی بانکیی خۆی پارە بە قەرز وەربگرێت بۆ بزنز و کاری خۆی پێ دابین بکات، بەداخەوە ئەم سیستمە نەبووە، یەکێک لە گرنگترین کارەکان دروستکردنی حسابی بانکییە بۆ ھاووڵاتیان بۆ ئەوەی سوود لە خزمەتگوزارییەکان وەربگرێت، بۆ ئەمە ئێمە بیرمان لە ھەژماری من کردەوە، زۆر کەس بە ھەڵە لەمە تێگەیێندران، وا تێگەیێندران ئەمە تەنیا بۆ مووچەیە، بەڵێ راستە ئێمە بە مووچە دەستمان پێکرد، بەڵام ئەگەر ژێرخانەکە دروست بوو، ھاووڵاتی دەتوانێت سوودمەندبێت و ھەلی کاریشی دەستبکەوێت."

"بەرھەمی نێوخۆ بۆ کەنداو، ئەورووپا و ئەمەریکاش دەنێرین"

مەسروور بارزانی دەڵێت: "یەکێکی لە کارەکانمان، پەرەپێدان بوو بە کەرتی کشتوکاڵ، کە زۆرجار دەمانبینی جووتیارەکانمان لەبەر بێبازاڕی بەرھەمەکانیان لەسەر جادە فڕێ دەدا، چونکە کەس لێی نەدەکڕین، بە بەرنامەکەی ئێمە؛ حکوومەت سایلۆی گەورەی دروستکرد و دەرگای گەورەی ھەناردەکردنیشمان کردەوە کە لە زۆر وڵاتانی کەنداو، ئەورووپا و تەنانەت بەرھەمەکانمان بۆ ئەمەریکاش دەنێردرێن، ئەمەش وایکرد خەڵکێکی زۆر روو لە کشتوکاڵ بکەن و دەرفەتی زۆری کار بڕەخسێت."

"دەکرێ چاومان لەوەبێ کە گەشتیاری وا بێنە کوردستان پارەی زۆر خەرج بکەن"

مەسروور بارزانی، بەشێکی قسەکانی تەرخان کرد بۆ کەرتی گەشتوگوزار و لەوبارەوە گوتی: "لە کەرتی گەشتوگوزار، کە بێگومان ئەمە ھەلی کاری زۆر دەڕەخسێنێت، خەڵکێکی زۆر سەردانی کوردستان دەکەن و ھەموویان پێویستییان بە خزمەتگوزارییە، ئیدی شوێنی نیشتەجێبوونە، ھۆتێلە، مۆتێلە، رێستورانتە، کافێتریایە یانیش ھەر ئامرازێکی خزمەتکردنی گەشتیارانە."

"دەکرێ ئێمە چاومان لەوەبێ کە گەشتیاری وا بێتە کوردستان بتوانێت پارەی زیاتر سەرف بکات، چونکە ھەمووی دەگەڕێتەوە بۆ کەرتی ئابووریی کوردستان. زۆر بە وردی کارمان کردووە کە گرنگیی زۆر لەم رووەوە بە ھەموو ناوچەکانی کوردستان بدەین. ئەمانە ھەموویان رەخساندنی ھەلی کارە."

"داوامان لە کۆمپانیا گەورەکانی جیھان کردووە بەشێکیان بێننە کوردستان"

لەبارەی پلانیشیان بۆ کابینەی داھاتوو، مەسروور بارزانی گوتی: "بەشەکەی دیکە پێم باشە لە کابینەی داھاتوو گرنگیی پێبدەین، کەرتی پیشەسازییە، ئەوانەی لە زانکۆکان دەردەچن و توانای کارکردنیان ھەیە، گرنگی بەم کەرتە بدەن، ھەروەھا کۆمپانیای تەکنەلۆژیا و زانستی بھێنینە کوردستان."

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "توانیمان داوا لە ھەموو کۆمپانیا گەورەکانی جیھان کردووە، ئەگەر لەگەڵیان بگەینە رێککەوتن، بەشێک لە کۆمپانیاکانیان دێننە کوردستان ھەم شارەزایی دێنن و ھەم دەرفەتی کاریش دەڕەخسێنن."

" لە حکومەتێکی فیدراڵیدا شتێک نییە بەناوی مووچە"

مەسروور بارزانی باسی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدای کرد و رەخنەی لە مامەڵەی حکومەتی عێراق گرت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و گوتی: "ئەم مامەڵەیەی ئێستای حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکومەتی ھەرێم ھەڵەیە، چونکە لە حکومەتێکی فیدراڵیدا شتێک نییە بەناوی مووچە، دەبێ بوودجەی ھەرێم تەرخان بکرێت نەک مووچە، بوودجەی حکومەتی عێراق ھەرچەند بێت؛ دەبێ ١٤٪ی بۆ ھەرێمی کوردستان بێ، حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانیش بەرپرسن لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ بوودجەی کوردستان."

بە گوتەی مەسروور بارزانی، ئێستا وایان لێکردووە، وەزارەتی دارایی لە حکوومەتی فیدراڵی دەست لە ورد و درشتی کارەکانی ھەرێمی کوردستان وەربدات، لەلایەک رێ لە تەعینات دەگرن، لەلایەکی دیکە بوودجە وەکو خۆی نانێرن، لەلایەک ئەو بەشە مووچەیەی دەینێرن نوقسانە، ئێستا ئەوەی ھەیە ئەوەیە کە ئەوان مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن، نەوتمان دەبەن و داھاتی نێوخۆمان دەبەن و جارێکی دیکە بۆمان دەگەڕێننەوە، ئەمە ھیچ منەتێکی تێدا نییە و ناکاتە ئەوەی بڵێی حکووومەتی فیدراڵی بودجە بۆ ھەرێم دەنێرێت، بەھیچ شێوەیەک بوودجەیان نەناردووە، ئەو پارەیەی لێرە دەیبەن بەناوی مووچە بە نیوەچڵی دەیگەڕێننەوە."

بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، "کاتی خۆی کە ھەناردەی نەوتیان راگرت، بەشێکی گەورەی داھاتی ھەرێم وەستا، کە ئەمە وەستا و حکوومەتی عێراقیش مووچە نەنارد، جووڵەی بازرگانی کەمبووە و بازاڕ نەما، ئەمانە ھەر ھەمووی بوونە گوشار بۆ سەر حکوومەتی ھەرێم بۆ ئەوەی بکەوێتە ژێر گوشارێکی گەورەی ئابووری."

"لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان ویستیان بڵێن حکوومەتی ھەرێم مووچە نادات"

مەسروور بارزانی، رەخنەی لە ئەدای ئۆپۆزیسیۆن گرت لە پرسی مووچەدا و گوتی: "ھەرچەندە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان ویستیان بە جۆرێکی دیکە وێنای ئەم راستییە بکەن و بڵێن حکوومەتی ھەرێم مووچە نادات، کە ئەمە راست نییە. کاتی خۆی مووچەش دەدرا بەڵام لایەنە سیاسییەکانی ناو خودی ھەرێمی کوردستان بوون داوایان لە بەغدا کرد کە راستەوخۆ مووچە بنێرێت و دەست وەربداتە ناو باری دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان."

"ئەمە رێی خۆش کرد، بەناوی دادگە، لایەنی سیاسی و دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی، دەست وەربدەنە ناو کاروباری ھەرێمی کوردستان و بوودجە و مووچە وەکو خۆی نەنێرن."

"بوودجە دابین بکرێت کێشەمان نامێنێت"

مەسروور بارزانی دەڵێت: "یاسای بوودجە لە کۆتایی ئەم ساڵ تەواو دەبێت، بۆ بوودجەی ساڵی ٢٠٢٦، بەھیچ جۆرێک قبووڵی ناکەین بەم شێوازە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بکەوینە گفتوگۆوە. پێش ماوەیەک لەگەڵ سەرۆکوەزیران قسەم کرد و پێم گوت، ئێمە حکوومەتێکی فیدراڵین و سیستمێکی فیدراڵی ھەیە، حکوومەتی ھەرێم بەرپرسە بەرامبەر چۆنێتی دابەشکردنی بوودجە، ئەگەر باشبێ یان خراپ، پەرلەمان و چاودێریی داراییمان ھەیە، با ئەوان محاسبەی حکوومەت بکەن، بەڵام تۆ لە بەغدا ئەم مافەت نییە."

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەمجارە جەخت لەسەر دابینکردنی بوودجە دەکەین بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەمە بوو، دەتوانم بڵێم دەتوانین شتەکان وەکو پێویست بەڕێوە ببەین و کێشەشمان نابێ، بەڵام دەبێ بەغداش مولتەزیم بێت."

"خەونێک بوو بە راستی"

پرۆژی رووناکی (کارەبای ٢٤ کاژێری)، بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بوو، "خەونێک بووە کە زۆر کەس پێیوابووە نابێتە راستی، ئێستاش حکومەتی عێراق دوا سەرفکردنی ٢٠٠ ملیار دۆلار نەیتوانیوە کارەبای ٢٤ کاتژمێری دابین بکات، ئێمە نەھاتووین موعجیزەمان خوڵقاندبێ، تەنیا ریفۆرمێکمان کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەم بڕیارەمان دا، پار دەستمان پێکرد و ئینشائەڵڵا لە ٢٠٢٦ ھەموو کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری."

بە گوتەی مەسروور بارزانی: "بەشێکی زۆری ئەو پارەیەی لە کارەبا سەرف دەکرا، بۆ حکوومەت نەدەگەڕایەوە، حکوومەت ھەموو ساڵێک ٢.٥ ملیار دیناری لە کارەبا سەرف دەکرد و ٢٤ کاتژمێریش نەبوو، تەنیا ٥٠٠-٧٠٠ ملیۆن بۆ حکوومەت دەگەڕایەوە، کەواتە ٢ ملیار دۆلار لە حکوومەت دەڕۆیشت کە ھی خەڵکە."

هەواڵی پەیوەندیدار