مەسروور بارزانی: پڕۆژەکانی حکوومەت دەگەینین بە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان

ھەولێر-KDP.info- لە کاتی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، کار و پرۆژەکانی حکوومەت دەگەینین بە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، "سوپاسی خالید خۆشناو و کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەم، کە ئەمە دوا قۆناغی گەیاندنی ئاوە بۆ شاری هەولێر، ئەم پڕۆژەیە خزمەتێکی زۆری هەولێر و هەرێمی کوردستان دەکات و کارەکانی پڕۆژەکە زۆر بە سەرکەوتوویی کراون، هەرروەها توانییان لە کاتێکی پێوانەیی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بکەن.
مەسروور بارزانی گوتی، "هەموو ئەو کەسانەی سەردانی ئێرەیان کردووە، پێیان وابوو ئەم پرۆژەیە پێویستی بە سێ ساڵ هەیە تاوەکوو تەواو دەکرێت، بەڵام خۆشبەختانە توانرا لەم ماوەیە کەمە دا تەواو بکرێت.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، جێگای دەستخۆشییە تەواوی کارەکانی پڕۆژەکە بە هێز و بازوویی ناوخۆیی کراوە، هەروەها تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکارهاتووە بۆ دڵنیابوون لە جۆری ئاو، هەروەها هەموو ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ دەکرێن ئامانج لێی خزمەتکردنی هاووڵاتییانە،
سەرۆک وەزیران، گوتیشی، "هیوادارین هەرێمی کوردستان لە هەموو سێکتەرەکان بچێتە پێش، بەشێک لەو کارانەی سەرەتا کراون، وەک ژێرخان پێویستبووە، بۆ ئەوەی ئەو ژێرخانە سەرکەوتووبێت پێویستە کار و پرۆژەکان خێراتربکرێن، هەموو ئەو پرۆژانەی لە ڕابردوو کراون، ئەنجامی باشیان هەبووە، لە داهاتوو کاری زۆر باشتر دەکرێن.
هەروەها ڕایگەیاند، "سوپاسی کۆمپانیای هێمن گرووپ دەکەین بۆ کارەکانی و بۆ ئەو متمانەی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان هەیە، ئەو پەیوەندییە تەندروستییەی لە نێوان کۆمپانیاکان و حکوومەت هەیە، هۆکاری سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە، هیوادارین لە سلێمانی ئەم کارانە بکرێن و ئەو کۆمپانیانەی دەستنیشان دەکرێن بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان لە کاتێک نزیک کارەکانیان تەواو بکەن.
مەسروور بارزانی باسی لەوەش کرد، هیوادارین خودای گەورە هاوکارمان بێت بۆ هەموو ئەو پرۆژانەی لە خەیاڵمانن جێبەجێیان بکەین، بەڵام تواناکانی ئێمەش وەک حکوومەت سنووردارن، بەتایبەتی لەم ماوەیە دا زۆر دژایەتی ئێمە کرا بۆ سنووردارکردنی کار و پرۆژەکانمان، بەڵام بەگوێرەی توانا ئابوورییەکانی حکوومەت دەمانەوێت کار و پرۆژەکان بگەینینە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.
مەسروور بارزانی ڕایگەیاند: نامانەوێت وەڵامی هیچ کەس و لایەنێک بدەینەوە، ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئاسودەبوون و سوودمەندبوونی هاووڵاتییانە، ئێمە خزمەتی هاووڵاتییان دەکەین، گرنگ نییە کەسێک خۆفرۆشبێت یان خاکفرۆشبێت یان تیرۆریستبێت یاخود بەکرێگیراوبێت، چۆن بیردەکاتەوە ئەمە کێشەی خۆیەتی، ئەوەی لای من گرنگە دایکی شەهید و خانەوادەی پێشمەرگە و هاووڵاتییەکی ئاسایی چۆن بیردەکاتەوە.
سەرۆکی حکوومەت گوتی، "ئەوەی کردوومانە بە ئەرکمان زانیوە و هیوادرم سوودی لێببینن، بەڵام زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو و هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشیان دەکرێت نەکەن، هەروەها داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەم لەگەڵ ئێمە بەشداربن بۆ باشترکردن و جوانترکردنی وڵاتەکەمان و ژینگە بپارێزن و هاوکاری حکوومەت بن.




