مەسروور بارزانی: ئیشی من خزمەتکردنە و با ئیشی نەیارانیش قسەکردن بێت

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماستەرپلانی دوینی بەسەر کردەوە و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری دایەوە و باسی لە گرنگیی پڕۆژەکە و مووچەی فەرمانبەران کرد.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی دووپاتی کردەوە، "ماستەرپلانی دوین لە هەموو ڕووێکەوە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە،" بەتایبەتی لە ڕووی بایەخدان بە شوێنەوارە مێژوویی و گەشتیارییەکانی ناوچەکە.
بەنداوی دوین، کە بەشێکە لەم ماستەرپلانە، بە گوتەی مەسروور بارزانی "کاریگەرییەکی باشی لەسەر ژینگە دەبێت و ڕۆڵێکی گرنگی لە گلدانەوەی ئاودا دەبێت." ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمئاوی لە قەڵەم دەدرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کابینەی نۆیەمدا، گرنگییەکی زۆری بە دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان داوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاو.
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، مەسروور بارزانی دووپاتی کردەوە، خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان ئامانجی سەرەکییەتی و فەرمانڕەوایی بە ئەرکی خۆی دەزانێت نەک منەتکردن. گوتی، "خزمەتی خەڵکی کوردستان بە ئەمانەتەوە، ئامانجی منە و منەتیشم نەکردووە بە ئەرکی خۆمی دەزانم. ئیشی من خزمەتکردنە و با ئیشی نەیارانیش قسەکردن بێت.
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حكوومهتی ههرێمی كوردستان گوتی، "بەداخەوە، بەڵام بابەتی مووچە بە سیاسیی کراوە. ئەمە چەندین جارە و هەمیشەش گوتوومانە، حکوومەتی هەرێم هەموو ئیلتیزاماتی خۆی جێبەجێ کردووە؛ هەرچی پێویست بووبێت، بە زیادەشەوە کردوومانە. چاوەڕێی ئەوە بووین حکوومەتی فیدراڵیش لە ئاستی بەرپرسیارەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕەفتار بکات، بەڵام بەداخەوە هەموو کاتێک پێدانی مووچە دوادەخات."
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، "بەردەوام دەبین، بزانین ئەگەر توانیمان لە ماوەیەکی کەم مووچەی مانگەکانی داهاتووش وەربگرینەوە. زیاتر بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە سەر شانی بەغدا و من داوا دەکەم، ئەو کەسانەی کە زۆر جار گلەییش دەکەن، با ڕووی گلەییەکانیان لە بەغدا بێت."




