لە (فازڵ میرانی)ـیەوە بۆ هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە

(5)
خوشکان، دایکان، کچان..
کوڕان، برایان، هاوڕێیان..
ئەی باوك و باپیران..
دەنگدانی ئێوە مافە، ئەوەی دەنگیشی پێ دەدەن، دروستکەری بڕیارە.
دەنگەکانتان کۆدەبێتەوە و دەبنە بڕیارێک، کە حوكمڕانی دروست دەكەن و ئێوەیش تیایدا دەبنە هاوبەش.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: هاوبەشی لەگەڵ کێ؟
هاوبەشی لەگەڵ ئەوانەی بە ئەمانەتەوە دەنگ و هاوبەشییەكەتان دەپارێزن، یان ئەوانەی بەدوای پۆست و دەستکەوتدا دەگەڕێن..!؟
ئێوە دەزانن ئێمە کێین..؟! ئێمە نوێنەری قوربانیانین، قوربانیانی توندوتیژیی و قوربانیانی ئەو حکوومەتانەی، کە تاوانیان دەرهەق بە هەموومان ئەنجام داوە، ئێوە زیرەکن و پڕوپاگەندەی درۆ کاریگەریی لەسەر زیرەکیی ئێوە نابێت.
ئێوە لەگەڵ ئێمەدا لە کەشتییەكی سەلامەتدا دەبن و دەگەن بە باشترین ئەو شتانەی شایستەی خۆتانە.
ئێمە بەڵێنێک نادەین، ئەگەر جێبەجێی نەکەین.
دەستکەوتەکانیشمان لەبەرچاون.
ئێمە کار دەکەین، ئینجا قسە دەکەین.
ئێمە پشت بە هەڵبژاردە دروستەكەی ئێوە دەبەستین.
هەمیشە لەگەڵتان ڕوون و ڕاشکاوین.
ئێمە ڕێز لە هەموو پێکهاتەکان دەگرین.
لەگەڵ هەموو ئەوانە دەژین، كە حەزیان لە چاكەكارییە.
ئێمە دەمانەوێت بە ئێوە بگەین و پشتیووانی داواکارییەکانتان بین و بە پەرۆشییەوە کار بکەین بۆ ئەوەی بیانکەین بە واقیع.
هەمووتان لەلای ئێمە گرنگ و كاریگەرن.
هەمووتان جێگەی ستایش و برایەتی ئێمەن.
ئێمە لە وڵاتەکەماندا یەکسانین، نابێ هیچ جۆرە دەستدرێژی و پەراوێزخستن و دوورخستنەوەیەک ڕووبدات، قبووڵی ناکەین و نەمانکردووە و هەرگیزیش قبووڵی ناکەین، نە بۆ خۆمان و نە بۆ ئێوە.
ناکرێت زوڵم و تاریكییەكانی ڕابردوو، بگەڕێنەوە.
ئەم وڵاتە هی هەمووانە و قۆرخكاریش لەسەر حیسابی ئێوە و ئێمە، جێگەی نابێتەوە.
لەگەڵ ئێمە بن، ئێمەش بۆ ئێوە و لەگەڵ ئێوەدا دەبین.




