سهرۆكی ھەرێمی کوردستان: مرۆڤسازى، مهزنترین بنیاتنانه

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٥/١٠/٣٠ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ئاھەنگی دەرچوونی ٢٠٢٥ی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێر کرد کە تیایدا (٥٢٦) دەرچوو لە بەشە جیاکانی چوار کۆلێژ، بڕوانامەی زانکۆیییان بەدەستھێنا.
لە وتەیەکدا وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووان، دایکوباوک و کەسوکار و مامۆستاکانیان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، تیشکی خستە ڕوانگە و ئەو بنەمایانەی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێریان لەسەر دامەزراوە، ھەروەھا باسی لە گرنگیی زانست و زانین لە پێشخستنی کۆمەڵگەکاندا کرد.
بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا ڕۆڵی گەنجانی پێگەیشتوو و گۆشکراوی کوردستانی بە زانست و تەکنەلۆژیا بۆ بنیاتنانی ئێستا و داھاتووی وڵات بە گرنگ لە قەڵەمدا و ھانی دان کە بوێرانە بچنە بوارەکانی خزمەتکردن بە گەل و وڵاتەکەیان.
ئەمە دەقەکەیەتی:
دەرچووانی خۆشەویست،
دایکوباوک و کەسوکاری ئازیزیان،
مامۆستایان و ئامادەبووانی بەڕێز..
ئێوارەتان باش،
خۆشحاڵم کە پێکەوە بەشداریی لە ڕێوڕەسمی خولی دەرچوونی ٢٠٢٥ی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێر دەکەین.
لە دڵەوە، زۆر بە گەرمی پیرۆزبایی لە ئێوەی دەرچووانی ئازیز، پیرۆزبایی لە دایکوباوکتان، لە کەسوکار و لە مامۆستاکانتان دەکەم. ھەموویان لەگەڵ ئێوە ماندوو بوون. ئەوانیش بەشێکن لەم سەرکەوتنەی ئەمڕۆ. ھەموومان شانازیتان پێوە دەکەین.
دەرچووانی خۆشەویست،
ئەمڕۆ بۆ ئێوە و بۆ کوردستان ڕۆژێکی گرنگە. چونکە ئێوە تەنیا (٥٢٦) دەرچوو نین کە لە بەشە جیاکانی چوار کۆلێژی زانکۆدا، بڕوانامەتان بەدەستھێناوە، بەڵکوو ئێوە توانایەکی بەھێز و گرنگن بۆ خزمەت و پێشخستنی کوردستان. ئێوە داھاتووی گەلەکەتانن.
نۆزدە ساڵ بەرلە ئێستا، دامەزراندنی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێر لەسەر ڕوانگەیەکی ڕوون بوو:
بە کواڵیتییەکی باڵا و ئاستێکی بەرزی زانستی، دامەزراوەیەکی فێرکاریمان ھەبێت، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و ئابووری و سیاسی لە جیھاندا بڕوات. بەشدار و ھاوبەش بێت لە پێشخستنی ھەرێمی کوردستان. لەسەر ئەو بڕوایە دامەزرا کە داھاتووی کوردستان لە مێشکی گەنجەکانیدایە.
ئامانج دامەزراندنی باشترین بوو، نەک گەورەترین. لە تەک دامەزراوە زانستییەکان و زانکۆکانی تر کوردستاندا، زانکۆیەک بە زمانی ئینگلیزی ھەبێت، تیایدا زانست و زانین لەگەڵ داھێنان یەک بگرن. شوێنێک بۆ بیری ئازاد، بۆ کراوەیی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. بۆ دروستکردنی گەنجێک کە سەرکردایەتی دەکات لە ئایندەدا، جورئەتی بڕیاردانی دەبێت و خاوەن دەستپێشخەرییە.
ئەو گەنجانەی ھەمیشە داھاتووی کوردستانێکی بەھێز و گەشاوە، لە چاوەکانیاندا دەبینین. ئەو گەنجانەی جێی ئومێد و شانازیی ھەموومانن. زۆر سوپاس و ئێوە ھەمووتان جێی شانازین. ئەو گەنجانەی گەل و وڵاتی خۆیان خۆش دەوێت و دەیانەوێت وڵاتەکەیان ببەنە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتووی جیھان.
زانکۆیەک، ئامانجی یەکەم و کۆتاییی، فێربوون و زانین و زانست بێت. باشترین توانا زانستییەکانی ئەو گەنجە ژیرانەی کوردستان کۆبکاتەوە کە بە خوێندن و فێربوون، بە زانست و زانین، دەتوانن داھاتوویەکی گەش بۆ خۆیان و بۆ گەل و بۆ نیشتمانەکەیان، بنیات بنێن.
بۆیە دەرچووانی ئازیز، ئەمڕۆ کۆتاییی کاروانەکە نییە. ئەمڕۆ سەرەتای ڕێگەیەکی دوور و درێژتانە بۆ ژیانی کرداری، بۆ خزمەت و کار و بەشدارییەکی کارا لە بنیاتنانی کوردستاندا.
جێی شانازییە کە ناوی زانکۆی کوردستان ـ ھەولێر، ھەمیشە ھاوتای باشترین زانکۆکان بووە. دەرچووانی، لە ناودارترین زانکۆکانی وەک کۆلۆمبیا، ھارڤارد لە ئەمەریکا، ئۆکسفۆرد و کۆلێژی شاھانە لە بەریتانیا، نەک ھەر بەردەوامییان بە خوێندن داوە، بەڵکوو درەوشاونەتەوە و ھەندێکیشیان گەڕاونەتەوە وڵات و ئەمڕۆ خزمەتی وڵاتەکەیان دەکەن. بە ڕێژەی (٩٠) بۆ (٩٥) لە سەد، لە ھەندێ بەشیش تا (٩٩) لە سەد، دەرچووانی لە کەرتی گشتی، یان کەرتی تایبەتدا دامەزراون، دەبنە خاوەن کار، یان کار دەدۆزنەوە.
ھەمیشە بڕوام وابووە کە بنیاتنانی مرۆڤ، مرۆڤسازی، مەزنترین بنیاتنانە. ئێمە ھەمیشە دەتوانین بەرد لەسەر بەرد دابنێین و بینا بکەین، بەڵام ئەوەی وڵات و کۆمەڵگەی پێشکەوتوو بنیات دەنێت و بە زیندوویی دەیانھێڵێتەوە، مرۆڤە.
بەڕێزان،
لەگەڵ ھەموو ئەو سەختییانەی دەیەکانی ڕابردوو ڕووبەڕوویان بووینەوە، ئێمە کارێکی زۆرمان لە کوردستان ئەنجام داوە. دەرچووانی ئەمڕۆ، نەوەیەکی خۆشبەختن کە لە ئازادیدا لە دایک بوون، بەڵام ئەوانەی سەردەمی دکتاتۆری ژیاون، باش دەزانن کوردستان لە چ خەراباتێکەوە، بە چ قوربانیدان و سەختییەک، گەیشتووەتە ئەمڕۆ!
بە ڕوانگەیەکی ڕوون بۆ داھاتوو، بە ئیرادەیەکی بەھێز، ژێرخانێکی پتەوی پەروەردە و فکریمان لە کوردستان داناوە. بەڵام ئەوەش دەزانین کە ھێشتا ڕێگەیەکی درێژمان لەپێشە. ئێمە لە کوردستان پێویستیمان بە سیستمێکی پەروەردەیی و فێرکاری ھەیە، کە توانای ھەبێت بەردەوام لەگەڵ پێویستی و پێشکەوتنەکانی سەردەمدا، خۆی نوێ بکاتەوە.
سیستمێک کە بیر و بناغە و ئامانجەکەی، فێربوون و فێرکردن بێت، نەک بەدەستھێنانی بڕوانامە. تێگەیشتن بێت، نەک لەبەرکردن. داھێنان بێت، نەک دووبارەکردنەوە.
نەوەی تازەی کوردستان پێویستە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بابەتیانەی ھەبێت، پرسیار بکەن، لێکۆڵینەوە بکەن، گفتوگۆی ئازادانە بکەن. چونکە عەقڵی کراوە، بنەمای پێشکەوتنی ھەر کۆمەڵگەیەکە. تەنیا کۆمەڵگەی پێشکەوتوو لە یەک کاتدا توانای ڕەخنە و چاکسازی و بنیاتنانی ھەیە.
دەرچووانی ئازیز،
گەنجانی خۆشەویستی کوردستان،
ئێوە، ئەو نەوەیەن کە لە کاتی دامەزراندنی زانکۆدا، ئێمەمانان خەونمان پێوە دەبینین. ئەوانەی دەتوانن چارەنووسی گەلێک بگۆڕن. ئێوە وەڵامدەرەوەی کردەیین بۆ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە. ئێوە ماندوو بوون، زانکۆتان تەواو کرد. بەڵام پەیامی زانکۆ تەواو نەبووە تا بە واقعی ژیان و پێویستییەکانی کۆمەڵگە و بازاڕی کارەوە نەبەسترێتەوە.
سەرکەوتنی ھەر زانکۆیەک بەوە دەبێت: ئاخۆ چەند کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە ھەیە؟ چەند بیر و بەرھەم و مرۆڤایەتی، پێشکەش دەکات؟
زانکۆ ئەوەیە نەوەیەک دەربچوێنێت کە بڕوای بە ئاشتی ھەبێت. بۆ چاکسازی و باشتربوون کار بکات. چارەسەر بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە بدۆزێتەوە. زانکۆیەک کە بەمەدەنییەتبوونی ڕاستەقینە، بنیات دەنێت.
دەمانەوێت زانکۆکانمان لە کوردستان، داینەمۆی پەرەپێدانی کوردستان بن. ھەمیشە سەکۆی زانست و بیر و ڕۆشنگەری بن. چونکە گەلان، بە زانست و زانین بنیات دەنرێن. بە زانکۆ، بیر نوێ دەبێتەوە. بە مرۆڤی بەئاگا، ئازادی و پێشکەوتن دروست دەبن.
دەرچووانی ئازیز،
ھێزی ڕاستەقینەی وڵاتان، تەنیا لە سوپا و ئابووریی بەھێزدا نییە، بەڵکوو لە ھێزی نەرم و لە زانست و زانین و لە کولتوور و کرانەوە و لە توانایاندایە بۆ بنیاتنانی پردی پەیوەندی و ھاوبەشی لەگەڵ ئەوانی دی. ئەوانە ئامرازی ئێمەن بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی ئارام و خۆشگوزەران و بەھێز. وڵاتێک، کە پێشخستن و داھاتووی، ئەمانەتێکە لە ئەستۆی ئێوەی خۆشەویستدا.
ئێوە نەوەی ئەو بیر و فەلسەفەیەن کە ئێمە زانکۆمان لەسەری دامەزراندووە:
نەوەیەک کە ئاڵای پێشکەوتن و فێربوونی بەردەوامی ھەڵگرتووە.
نەوەیەک کە ھیوای دواڕۆژە و کاروانی بنیاتنان بە متمانە و بەرپرسیاریەتییەوە تەواو دەکات.
لەبیرتان بێت، بڕوانامەکانتان گرێبەستی بەرپرسیاریەتییە.
لەبیرتان بێت کە گەورەیی نادرێت، بەڵکوو بەدەست دەھێنرێت.
بۆیە پەیامم بۆ ئێوەی دەرچوو، بۆ ھەموو گەنجانی سەرکەوتووی کوردستان ئەوەیە:
ببنە نەوەی دیجیتاڵیی کوردستان، نەوەی زانین و ئاشتی. نەوەیەک کە تەکنەلۆژیا و مرۆڤایەتی، وڵات و جیھان، بیر و کردار، پێکەوە دەبەستێتەوە. بەردەوام بن، چونکە فێربوون کاروانێکە، بە درێژاییی ژیان بەردەوامە.
بەوپەڕی جورئەتەوە بچنە ناو ژیان و جیھان، پردی نێوان ڕەسەنایەتی و پێشکەوتن، نێوان خەون و کردار بن. داھاتووی خۆتان و وڵاتەکەتان لەسەر بەھاکانی زانست، ئازادی و ھیوا بنیات بنێن.
بڕۆن لە کارەکانتاندا سەرکردە بن. وەفاداری بەھاکانتان بن، دڵسۆزی پەیامەکەتان بن. کوردستانتان خۆش بوێت، وڵاتی ئێوەیە. بە ئومێدەوە لە داھاتووی وڵاتەکەتان بڕوانن.
پیرۆزبایی لە دەرچووان دەکەم، بەرەو پێش بڕۆن و داھاتوو بنیات بنێن. لە ئاستی پیرۆزیی نیشتمانەکەتاندا بن، لە ئاستی چاوەڕوانیی گەلەکەتاندا بن.
ھەر سەرکەوتوو بن. دیسانەوە پیرۆزبایی لە ھەر ھەمووتان دەکەم، ھەر سەرکەوتوو بن.
زۆر سوپاس






