مەسروور بارزانی: كاروانی ئاوەدانی دەستی پێكردووە و بەردەوام دەبێت، هیوادارین هەمووتان یارمەتیدەرمان بن

ههولێر-KDP.info- به ئامادهبوونی مەسروور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، له ڕێورهسمێكدا پڕۆژهی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دهستی پێكرد.
له ڕێورهسمهكهدا سهرۆكی حكوومهت ڕایگهیاند: مەولانا جەلالەدینی رۆمی دەفەرمووێت: "گوڵ لەبەر باران شین دەبێت نەك بە دەنگی هەورەبرووسكە. ئێمەش بە نەرمی و لەسەرخۆ بەردەوام دەبین لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان."
سهرۆكی حكوومهت، گوتیشی: "پشتێنهی سهوزایی كاریگهریی باشی لهسهر ژینگه و تهندروستی ههولێر دهبێت."
ئهمهی خوارهوه دهقی گوتارهكهی سهرۆكی حكوومهته:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان زۆر زۆر بەخێر بێن
بەختەوەرم لەگەڵتانم لەم ڕۆژە گرینگ و مێژووییە كە بەڕاستی بۆ نەوەی داهاتوو زۆر گرنگە و بۆ ئێستای كوردستان و ئاوەدانیی ئەمڕۆی كوردستانیش زۆر گرینگە.
مەولانا جەلالەدینی رۆمی دەفەرمووێت: گوڵ لەبەر باران شین دەبێت نەك بە دەنگی هەورەبرووسكە. ئێمەش بە نەرمی و لەسەرخۆ بەردەوام دەبین لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان.
جێی خۆیەتی من سوپاسی دۆست و پسپۆڕانی یۆنانی بكەم كە ئەمڕۆ لێرە ئامادەن وەك نوێنەرانی حكوومەت و ئەو باڵیۆز و پسپۆڕانەی كە ئامادەبوون یارمەتیمان بدەن لە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، بە تایبەتی لە چاندنی داری زەیتوون. پێش ماوەیەك من لەگەڵیان دانیشتم و بۆیان باس كردم كە سەرچاوەی داری زەیتوون لەم دەڤەرانەوە هاتووە، گەڕاندنەوەی داری زەیتوون بۆ ئەم شوێنانە، ئەمە خۆی مانایەكی گەورەی هەیە، هەم بەرهەمێكی بەخێر و بەپیتە بۆ خەڵكی ئەم ناوچەیە، هەم دەكرێ زۆر زۆر سوودی لێ وەربگرین لە بابەتی ئەم مەبەستەی كە هەمانە بۆ دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی هەولێر.
سوپاسی كەرتی تایبەت دەكەم كە یارمەتیی حكوومەت دەدەن بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، دەمەوێ هاووڵاتیانی خۆشەویست ئەوەش تێبگەن كە ئەم پشتێنەی سەوزە خۆی وەكوو ڕەگەز، ڕەگەزی سەوزایەتی دەبێت و خاوەندارێتیشی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەو كۆمپانیایانەی كەرتی تایبەت كە لەگەڵ حكوومەت بەشدارن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، دەتوانن بەردەوام بن لە سوودوەرگرتن، بە تایبەتی لە بابەتە بازرگانییەكانی بەرهەمەكانی ئەو دارانەی كە لێرە بەكار دێن، داری بەرهەمدار دەبن. ئەمانە هەمووی كارێكی ئێجگار گەورە دەبێ بۆ دروستكردنی هەلی كار بۆ گەنجەكانی خۆشمان. دۆستەكانمان بەڵێنی ئەوەشیان پێ داوین كە ئەو گەنجانەی دەیانەوێ لەم بوارەدا كار بكەن، ڕاهێنانیان پێ دەكەن تاوەكوو بە باشترین شێوە بتوانن هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم پشتێنەی سەوزاییە بكەن.
پشتێنەیەكی سەوز كە وەكوو بازنە بە دەوری شاری هەولێردا دەسووڕێتەوە، ئەمە بێگومان كاریگەرییەكی ئێجگار زۆری لەسەر كەشوهەوای هەولێریش دەبێت. لە لایەكەوە وەرگرتن و هەڵمژینی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن یان CO2 و دوای گەڕانەوەی ئۆكسجین بۆ شاری هەولێر و دەوروبەری، دەكرێ ژینگەیەكی تەندروستتر بۆ ئێمە دروست بكات. ژینگەیەكی تەندروستتر، هەوایەكی پاكتر، ژیانێكی باشتر و بەختەوەرتریش بۆ هاووڵاتیان دروست دەكات.
ئەمانە هەموویان ئەو پڕۆژانەن كە ئێمە هەمیشە بیرمان لێ كردووەتەوە بەوەی كە چۆن بە باشترین شێوە بتوانین خزمەتی هاووڵاتیانی خۆمان بكەین و خزمەتی وڵاتەكەی خۆشمان بكەین.
لە بەرنامەكانی ئێمەدا بووە لە پێشتریش كە ئابووریی هەرێمی كوردستان فرەچەشن بكەین، تاك و تەنیا ئێمە هەموو پشت بە نەوت و غاز نەبەستین یاخود تەنیا لە كەرتێكەوە بەرەو پێشەوە بڕۆین، ئێمە لە هەموو كەرتەكان هەوڵی ئەوەمان داوە گرینگی پێ بدەین و بەرەو پێشەوەی ببەین. چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بینیتان كە پڕۆژەی گەشتوگوزاری هەبووە، بابەتی ژێرخانی ئابووری لە هەموو ڕوویەكەوە، دروستكردنی رێگەوبانە، بەڵام لە ڕووی ژینگەپارێزییەوە دیسان ئێمە گرینگییەكی زۆری پێ دەدەین هەم بۆ سەلامەتی و تەندروستیی هاووڵاتیان، هەم دەكرێ ببێ بە سەرچاوەیەكی داهات بۆ هەموو هاووڵاتیانیش و ژینگەیەكی تەندروستتر، ژیانێكی تەندروستتریش بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر دەكات.
بۆیە ئەو كارانەی كە پێشتر كردوومانن، هەموویان بۆ ئەوە بوون كە وڵاتی ئێمە ئاوەدانتر بێ، خۆشتر بێ و خەڵكی ئێمە زیاتر سوود لەو نیعمەتە وەربگرن، لەو سرووشتە جوانە وەربگرن كە خوا بۆ ئێمەی دروست كردووە.
دروستكردنی پۆند و دروستكردنی بەنداو و دروستكردنی پشتێنەی سەوز، هەمووی بۆ ئەوەیە كە ئێمە بتوانین بە باشترین شێوە سوود لەو سەرچاوە سروشتییانە وەربگرین كە لە وڵاتەكەی ئێمەدا هەیە. پەرەپێدان بەم پشتێنەیە دەكرێ زۆر زۆر زیاتر یارمەتیی هەولێر بدات لە پاككردنەوەی ئاو و هەوای هەولێر و پاككردنەوەی هەوای هەولێر، وەكوو سیەكان بەكار دێ بۆ ئەوەی خەڵك زیاتر بتوانن هەوای پاك هەڵمژن. پێشتر قسەیەك هەیە دەڵێن كە پێشینیان چاندیان ئێمە بەرهەمەكەمان خوارد، ئێمەش دەچێنین بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتوو بەرهەمەكەی بخۆن. بەڵام هیوادارم ئێوە خۆتان بەرهەمەكەی ببینن و بەرهەمەكەشی بخۆن ئینشائەڵا.
ئەمە هەلی كار بۆ گەنجان دروست دەكات، بەڵام هیوادارم جگە لەم پڕۆژەیە، پڕۆژەكانی تری ئێمەش وا بكەن كە ئێمە ئەوەندە ناچار نەبین تەنیا پشت بە سەرچاوەیەكی داهات ببەستین، پسپۆڕیی فێربوونی ئەم جۆرە كارانە بێگومان توانای گەنجەكانی ئێمە زیاتر دەكا، چانسی زیاتر و بژاردەی زیاتریش بە گەنجەكانمان دەدا بۆ ئەو بوارانەی كە دەیانەوێ كاری تێدا بكەن.
ئێمە پێش ئەوەی كە ئەم پڕۆژانە هەمووی دەست پێ بكرێ، هیوامان وابوو بتوانین لە ماوەیەكی زوو، جگە لەم پڕۆژەیە، چەندین پڕۆژەی تریش جێبەجێ بكەین، بەڵام بەداخەوە وەكوو پێویست هاوكارییان نەكردین، بە پێچەوانەوە زۆر زۆر گرفتیان بۆ دروست كردین كە ئێمە نەتوانین پڕۆژەكانی خۆمان جێبەجێ بكەین. بەڵام بە پێداگیری و بە دڵسۆزی و خەمخۆریی برادەران، چ ئەوانەی لە نێو حكوومەتن لە وەزارەتەكان من دەمەوێ دەستخۆشییان لێ بكەم، لە وەزیرە بەڕێزەكان، فەرمانبەران، بەڕاستی لە ئۆفیسی خۆشم برادەران زۆر زۆر ماندوو بوون بەم پڕۆژەیە، من دەمەوێ لە ئێستاوە دەستخۆشییان لێ بكەم بۆ ئەم ماندووبوونەی كە كێشاویانە و ئەو پێداگیرییەی كە هەبووە، وایكردووە ئێمە نەوەستین و بەردەوام بین لە سەرخستنی ئەم پڕۆژانە و ئینشائەڵا بەردەوامیش دەبین.
ئێمە چاوەڕێ نین كەس یارمەتیمان بدا ئەگەر نەیانەوێ، بەڵام ئەگەر لایەنێك هەبێ بیەوێ یارمەتیمان بدا، ئێمە زۆر زۆر پێی دڵخۆش دەبین. هەرچەندە ئەوەی بیستم زیاتر برادەرانمان لە دەرەوەی وڵات ئامادەییان نیشانداوە كە یارمەتیمان بدەن لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، من لە ئێستاوە سوپاسیان دەكەم. كەرتی تایبەتیش ئەوانەی دەیانەوێ بەشدار بن لە بەردەوامبوونی ئەم پڕۆژەیە، دیسان من لە ئێستاوە هەم سوپاسیان دەكەم، هەم دەستخۆشییان لێ دەكەم و پێشوازیشیان لێ دەكەین بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەگەڵمان بۆ باشتركردنی ئەم پڕۆژەیە.
بابەتی ژینگە یان ژینگەپارێزی یانیش تێكچوونی كەشوهەوا، كاریگەری خراپیی كەشوهەوا تەنیا لەسەر هەرێمی كوردستان نییە، لەسەر هەموو عێراق و بگرە لەسەر هەموو جیهانیش هەیە. ئێمە لە زۆربەی گفتوگۆكاندا، لە زۆربەی دیدارەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش باسی ئەوەمان كردووە كە پێویستە بابەتی ژینگەپارێزی زۆر زۆر بە جددی وەربگیرێ، ئەوەی كە ئێستا دەتوانین بیكەین، لەوانەیە سبەینێ درەنگ بێ، با لە ئێستاوە هەنگاوی پێویست بهاوێژین بۆ پاراستنی ژینگە كە كاریگەرییان لەسەر جۆری ژیان و هەتا پاراستنی دیمۆگرافیای ناوچەكانیش هەیە. شوێنێك كە دەبێتە بیابان كە ئاو نامێنێ، سەوزایی نامێنێ، ژیانی تێدا نامێنێ، خەڵك بیر لە كۆچكردن دەكاتەوە، ئەو كۆچكردنەش لێرە ناوەستێت، بۆ هەر شوێنێكی تری دونیا كە بیری لێ دەكەنەوە، خەڵك بە دوای ژیاندا دەگەڕێ، لە شوێنێكەوە كە بە بیابان دەبێت، كۆچ دەكەن بەرەو شوێنێك كە سەوزایی تێدایە، لێرەش ناوەستن بەرەو ئەورووپا و وڵاتانی دەرەوە كۆچ دەكەن. هەر لەبەر بابەتی ژینگە، جگە لە بابەتی تری شەڕ و كێشەكانی تریش كە زۆرجار دەبنە هۆكاری كۆچكردن. بۆیە داوامان لە وڵاتانی بیانی كردووە یارمەتیی ئێمە بدەن لە سەرەتاوە بابەتی ژینگەپارێزی نەبێت بە هۆكارێكی تری كۆچكردن. چونكە لەوانەیە ئێستا لە ڕووی ئابوورییەوە هەندێك تەكلیف بكرێ، بەڵام دواتر لە زۆر بابەتی تر وڵاتانی ئەورووپی دەتوانن خۆیان بپارێزن لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان، كێشەی سیاسییە، كێشەی ئەمنییە، هەموو ئەو كێشانەی كە لەگەڵ كۆچ بە یەكەوە دەبن، دەكرێ ببن بە سەرئێشە بۆ وڵاتانی بیانی، بۆیە لە ئێستاوە من داوایان لێ دەكەم كە زیاتر یارمەتیدەری ئێمە بن، ئێمە ئەم كێشەیە لە سەرچاوەكەی چارەسەر بكەین، ئەمە یارمەتیی خۆشیان دەدا، بێگومان یارمەتیی خەڵكی ئێمەش دەدا. ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەكوو هەرێمی كوردستان هەم بیرمان لێكردووەتەوە، هەم هەنگاوی كردەییشمان هاوێشتووە لە دروستكردنی بەنداوەكان وەكوو باسم كرد یانیش لە پڕۆژەی ڕووناكی بۆ نموونە لە وەستاندن و هەڵگرتنی ئەو هەموو موەلیدەی كە دەبوونە هۆكاری پیسبوونی ژینگەی شارەكان، ئەمانە هەموویان كارێكی ئەرێنی بوون و ئەنجامەكانیشی وابزانم بە دیار كەوتوون.
لە كۆتاییدا من دەمەوێ ئەوە بڵێم كە ئێمە چاوەڕێ نین موعجیزە بخوڵقێت، دەبێ خۆمان موعجیزە دروست بكەین، خۆمان دەتوانین وڵاتەكەی خۆمان ئاوەدان بكەینەوە و كاروانی ئاوەدانی لە كوردستان كە دەستی پێكردووە، بەردەوام دەبێت، هیوادارین هەمووتان یارمەتیدەرمان بن، تەندروست بن، سەلامەت بن، سوپاسی دۆستەكانمان دەكەین بۆ پشتیوانیكردنیان.
زۆر زۆر بەخێر بێن سەرسەر و سەرچاوان، ئینشائەڵا كوردستان هەر ئاوەدان بێت.




