٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەنجان بۆ مەسروور بارزانی: بە شانازییەوە دەنگمان بۆ لیستی ۲۷٥ـی پارتی دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- ڕۆژی دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی لیستی پارتی لە سۆران رایگەیاند، ئەوەی زۆر جێگای دڵخۆشییە ئەوەیە، دەبینم ماوەیەکی زۆرە، ژمارەیەکی زۆر گەنج ڕوویان لە پارتی کردووە. گوتیشی، گەنجەکان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی پارتی تەنیا لایەنی ڕاستگۆیە و بەڵێنەکان جێبەجێ دەکات. گەنجان و لاوانی کوردستانیش دەڵێن، پارتی شایانی ملیۆنان دەنگە، چونکە ڕابردووی پڕە لە هەزاران شەهید و قوربانی لەپێناو گەلەکەیدا.

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسروور بارزانی، لە کەرنەڤاڵەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوه‌ش كرد، پارتی تاکە لایەنە لەگەڵ گەنجان بتوانێت خۆی بگونجێنێت بۆ داهاتوویەکی گەشتر، بۆ سەقامگیریی زیاتر هەنگاو بنێت.

خەبات ئیحسان، كە گەنجێكە تازە تەمەنی بووەتە ۱٨ ساڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ئەمساڵ گەیشتووم بە تەمەنی یاسایی (١٨ساڵی)، واتا یەکەم ساڵە دەتوانم دەنگ بدەم، ئەمە بۆ من هەستێکی نوێیە. بە سەربەرزییەوە بڕیارم داوە دەنگ بە لیستی ۲۷٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەم.

ئەو گەنجە ڕوونیشی دەکاتەوە، هەڵبژاردنی لیست یان کاندید لەو ساتەدا بۆ من سەخت نییە، چونکە ئەوەی من هەڵمبژاردووە، جێگەی متمانەی سەدان و هەزاران کەسە. دەشڵێت، پارتی شایانی ملیۆنان دەنگە، چونکە ڕابردووی پڕە لە هەزاران شەهید و قوربانی لەپێناو گەلەکەیدا. ئەوەی وای لێ کردووم دەنگ بدەم بە پارتی ئەوەیە، پارتی ناوی کوردستانی بەرز کردووەتەوە.

مەسروور بارزانی، لە کەرنەڤاڵەکەدا بەخێرهاتنی گەنجانی بۆ نێو لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و گوتی، گەنجان بەخێر بێن بۆ نێو پارتی، ڕاستە پارتی مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، ڕاستە تەمەنی پارتی گەورەیە، بەڵام خوێنی پارتی گەنجە و ئێوە ڕێگە نادەن هەرگیز پارتی پیر ببێت، بە خوێنی گەنجی ئێوەی خۆشەویست، پارتی هەر بە گەنجی دەمێنێتەوە و هەر ڕوو لە ئاوەدانی و ڕوو لە پێشکەوتن دەکات.

یوسف حەسەن عەبدی، گەنجێکی ترە و خەڵکی شێخانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، من گەنجێکم پێم وایە تاکە حزب لە خزمەتی گەل و وڵاتەکەیدا بێت، پارتی دیموکراتی کوردستانە. بە شانازییەوە دەنگم بۆ لیستی ۲۷٥ـی پارتی دەبێت، بۆ لیستی شەهیدان و داستانی سحێلا، لیستی بەرخودان و ئاوەدانی.

یوسف زیاتر ڕوونی دەکاتەوە، من بە دڵ و بە گیان دەنگ بە پارتی دەدەم، چونکە ڕۆڵی سەرەکی لە شۆڕشەکاندا گێڕاوە و بەرەنگاری ڕژێمە زاڵمەکان بووەتەوە لە ڕابردوودا. پارتی خەبات دەکات بۆ هێنانەکایەی کۆمەڵگەیەکی یەکسان بە بێ ڕەچاوکردنی ئایین، مەزهەب، ڕەگەز و کلتوورە جیاوازەکان.

 ئەو گەنجە لە کۆتاییشدا دەڵێت، هەموو ئەوانە وای لێ کردووم دەنگ بە پارتی بدەم و بێ دوو دڵی لیستی ۲۷٥ هەڵبژێرم.

هەر لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی لیستی پارتی لە سۆران جێگری سەرۆکی پارتی، داوای لە گەنجانی كوردستان كرد ڕوو لە پارتی بکەن و ڕایگەیاند، پارتی حزبی ئێوەیە، پارتی داهاتووی ئەم وڵاتەیە، پارتی گەرەنتیی سەرکەوتنی کوردستانە، پارتی کوردستانە.

زەهرا محەمەدیش وەک کچێکی گەنج، داوا لە لاوان دەکات لیستی ۲۷٥ـی پارتی هەڵبژێرن، ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، شانازییە بۆ مرۆڤ خاوەن حزبێک بێت کە کوردی بە جیهان ناساندبێت و پاڵپشتی دۆزی نەتەوەکەی بێت بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی.

گوتیشی، ئەوەی وام لێدەكات لیستی پارتی هەڵبژێرم، کردارکانی پارتییە لە ڕابردوو و ئێستادا؛ خوێنی ئەو هەزاران شەهیدانەیە کە لە ڕابردوودا گیانیان بۆ کوردستان بەخت کردووە و مەرگیان لە پێش ژیانیان هەڵبژاردووە.

 

ئەژین غەفار

 

هەواڵی پەیوەندیدار