عەلی حوسێن: سلێمانی پێویستی بە خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی و ئارامییە نەوەک ھاتوھاوار

سلێمانی-KDP.info- بە ئامادەبوونی عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین و شاندێکی مەکتەب و بەرپرس و ھەڤاڵانی لقی ٤ و سکرتێری یەکێتی قوتابیان و لاوان و ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابیان و لاوان و ئافرەتان و کاندیدانی لیستی ٢٧٥ی بازنەی سلێمانی، لقی سلێمانی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ئاھەنگێکیان بۆ سەرخستنی لیستی ٢٧٥ی پارتی سازکرد.
لەو ئاھەنگەدا عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی وتەیەکی پێشکەش کرد و لە بەشێکی وتارەکەیدا، جەختی لە پەیامی ئاشتی و بانگەشەی نەرم و ھێمنانە کردەوە و گوتی، "لە بازنەی سلێمانی بە ڕێنمای سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتیمان ھەوڵمانداوە بانگەشەیەکی ھێمنانە و ئارام بکەین، لێرە و لەوێ دەستکاری شیعارات و پۆستەرەکانمان دەکرێت، بەڵام ئەوانە نەبوونەتە کێشە، چونکە پەیامی پارتی پەیامی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییە، لە ڕابردوو پارتی بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی پێشەنگ بووە لە خەبات و قوربانی دان، لە ئێستاشدا پارتی پێشەنگە لە خزمەتکردن و ئاوەدانی.
عەلی حوسێن گوتیشی، "شاری سلێمانی شاری ھەڵمەت و قوربانی و ڕۆشنبیری و خەبات و قوربانییە، خەڵکی سلێمانی دەنگی زل و ھات و ھاواری ناوێت خەڵکی سلێمانی و دەور و بەری پێویستیان بەخزمەتگوزاریی و ئاوەدانی و ئارامییە، بۆیە گومانمان نییە خەڵکی تێکۆشەری سلێمانی و دەوروبەری وشیارن و دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن، چونکە دەزانن پارتی و بارزانی بەھێز بێت کورد بەھێز دەبێت و مافەکانی گەلی کوردستان زیاتر بەدەست دێت، بۆیە لامان ڕوونە دەنگ و کورسی پارتی لەم سنوورە زیاد دەکات، ئەوەی جێی نیگەرانی ئێمەیە خەڵکانێک بۆخۆیان خزمەتی ئەم سنوورە ناکەن و ناھێڵن پارتیش خزمەتیان بکات، بۆیە دەبێت خەڵکی دەنگ بە لیستی ٢٧٥ بدات بۆئەوەی خزمەتی زیاتریان پێبکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی پێک نەھێنانی حکوومەتی کرد و گوتی، "لامان سەیرە خەڵکانێک شانازی بە دواخستنی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن و بە دەستکەوتی دەزانن، بەڕاستی ئەوە مایەی شەرمەزارییە، چونکە لە پێک نەھێنانی حکوومەت ھاووڵاتیان زەرەرمەندن و زیان دەکەن، بەتایبەتی خەڵکی سلێمانی و گەرمیانی و ڕاپەڕین، چونکە لەو شوێنەی ئیدارەی پارتی لێیە خزمەتگوزاری بەردەوامە، بەڵام لێرە داھات وەک پێویست کۆناکرێتەوە و خزمەت ناکرێن، بۆیە دەبێت وشیاربن خەڵکی خەباتگێڕی ئەم ناوچانە لەوەی کێ ھۆکارە بۆ خزمەت نەکردینان و دەنگ بدەن بەلیستی ٢٧٥ی پارتی و سەرۆک بارزانی کە پەیامی ئەو لیستە خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە بۆ کوردستان.
لە دوابەشی قسەکانی عەلی حوسێن گوتی، "خەڵکی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و ھەڵەبجە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو خەڵکیان زۆر تاقی کردەوە و دەنگیان پێدان، بەڵام خزمەتیان نەکردن و ھیچیان بۆنەکردن، بۆیە داواکارین بۆیەکجار پارتی تاقی بکەنەوە و دەنگ بدەن بە لیستی ٢٧٥ ئەوسا دەبینن پارتی چیان بۆ دەکات و چۆن خزمەتیان دەکات، داواکارین لە دەنگدەرانی بازنەی سلێمانی ڕۆژی ١١-١١دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی بدەن.
بەرھەم شێخ عزەدین




