مهسروور بارزانی: زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتیی له پڕۆژهی ڕووناكی سوودمەند بوونە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی گەیاندنی بۆریی گازی سروشتی (هەولێر-دهۆک)، لە شاری دهۆک کردەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوە دا، سوپاس بۆ خودا ئەو دەرفەتەی بە ئێمە دا ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بکەین و بیخەینە خزمەتی خەڵکی کوردستان.
باسی لەوەش کرد، خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی زیاتری لە کەرتی غازدا کرد لەگەڵ کۆمپانیای دانا غاز و کۆمپانیای کار، ئێستا بەرهەمی غاز بووەتە دوو بەرانبەر، ئەمەش هاوکاریی زیاترمان دەکات لە دابینکردنی کارەبای زیاتر.
گوتیشی: دەمانەوێت کوردستان بکەینە شوێنێک بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هەموو عێراق و دەوروبەریش، ئەم پڕۆژەیه زیاتر هاوکاریمان دەکات بۆ ژینگەیەکی پاکتر، چونکە گازوایل کاریگەریی هەبوو لەسەر پسیکردنی ژینگە.
مەسروور بارزانی، دەشڵێت: پڕۆژەی دیکەمان هەیە، كه بریتییه له ڕاکێشانی بۆریی غاز لە نێوان کۆرمۆر بۆ چەمچەماڵ و لە بەرنامەی حکوومەتدایە و هیوادارم لە کاتێکی نزیکدا جێبەجێ بکرێت.
جەختی لەوەش کردەوە، کوردستان بە سەرچاوەی سروشتی و به نهوت و غاز و کانزاكانیش شوێنێکی دەوڵەمەندە، ئەم سامانە سروشتییە موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانه و موڵکی هیچ حزب و کەسێک نییە.
لەبارەی پڕۆژەی ڕووناکییهوه مەسرورو بارزانی، گوتی: زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی لێ سوودمەند بوونە لە سەرانسەری کوردستان، ساڵی داهاتوو سەرجەم کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
هاوکات گوتیشی: ئەو پڕۆژەیەی ئەمڕۆ زۆر ستراتیژی و گرنگە و هاوکار دەبێت لە زیادکردنی بەرهەمی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، دەمانەوێت زیاتر لە سێکتەری کارەبا هاوکاری حکوومەتی فیدراڵیش بکەین، هەروەها دەمانەوێت کوردستان ببێتە سەرچاوەی کارەبا بۆ هەموو عێراق
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەت لە داهاتوودا بەرنامەی دیکەیشی هەیە بۆ ئەوەی سوود لە وزەی خۆر وەربگرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانیش بتوانن وزەی خۆر بەکار بێنن و لە ڕێگەی بانکیش قەرز بدەین بە هاووڵاتییان تا بتوانن بە ئاسانی بە دەستی بهێنن.
گوتیشی: هەر چەندە ئاستەنگ و ڕێگری زۆرمان هاتووەتە پێش تا پڕۆژەکان جێبەجێ نەکەین، بەڵام سوپاس بۆ خوا توانیومان پڕۆژەکان جێبەجێ بکەین و خەونی زۆر کەس بکەینە ڕاستی.
مەسروور بارزانی، ئاماژەی بەوەش کرد، هیوادارم بتوانین لە ڕێگەی پڕۆژەکانمانهوه زیاتر خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین.
مەسروور بارزانی داوای لە هاووڵاتییانیش كرد، ژینگە بپارێزن و کارەبا بە فیڕۆ نەدەن.




