بەرپرسی لق بۆ KDP: ژمارەیەکی زۆری هەڤاڵانی ئەوروپا بۆ سەرخستنی لیستی 275 گەڕاونەتەوە

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی یەكشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و جێگرانی، دەستی بە گەورەترین بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەولێر كرد تا ئێستاش چەندین کەرنەڤاڵی گەورەی جەماوەریی بۆ پشتیوانیکردن و سەرخستنی لیستی 275 بەڕێوەچوون، كوردانی تاراوگەش بۆ بانگەشە و سەرخستنی لیستی پارتی گەڕاونەتەوە بۆ پاڵپشتیکردن و بەشداریکردن لە کەرنەڤاڵی بانگەشەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
پەیوەست بە گەڕانەوەی كوردانی تاراوگە بۆ پاڵپشتی و دەنگدان بە لیستی 275ی پارتی، سەرهەد غەفووری، بەرپرسی لقی شەشی ئەورووپای، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، "ئێمە وەک لقی شەشی ئەورووپای پارتیمان، ئێستا لە هەرێمی کوردستانین لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری هەڤاڵانمان لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەورووپا و پاڵپشت و بەشدارین هاوشان لەگەڵ ئەندامانمان بۆ سەرخستنی لیستی 275ـی پارتیمان و کاندیدە ئازیزەکان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، چونکە ئەوە دەزانین هەرکات پارتی بەهێزە، هەرێمی کوردستان بەهێز بووە.
غەفووری گوتیشی، "ئەندامانمان دابەش کردوون بەسەر سێ میحوەری کار و چالاکی و بانگەشەکردن، بۆ دهۆک و دەوروبەری و سلێمانی و دەوروبەری و کەرکووک و هەولێری پایتەخت و دەوروبەری، بۆیە ئەندامانی لقی شەش لەسەر ئەرک و ماندووبوونی خۆیان ئامادەن و کاتەکانیان یەک خستووە بۆ پاڵپشتیی لیستی ٢٧٥ـی پارتیمان و چاڵنجی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە پارتی بەرەو یەک ملیۆن دەنگ سەردەخەن.
بەرپرسی لقی شەشی ئەورووپا هەروەها ئاماژەشی دا، هانی کوردانی ئەورووپامان داوە بەهەر نرخێک بێت یەک دەنگ بۆ کورد لە عێراق زۆرە و بگەڕێنەوە بەشدار بن لە پڕۆسەی دەنگداندا، چونکە بۆ ئاوەدانیی کوردستان بۆ بژێویی ژیانی هاونیشتیمانیان و بۆ ئارامی و ئاسایش پێویستە کورد سەرکەوتوو بێت، بێگومان وتارەکانی سەرۆک بارزانی لە بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە و دەستپێک و ناساندنی لیستی ٢٧٥ـی پارتیمان، کاریگەریی لەسەر ئەندامان لە ئەورووپا زۆرە، بۆیە هەوڵیان داوە بەکۆمەڵ بگەڕێنەوە و بەشدار بن و دەنگ بدەن.
هاوكات بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت.
فایزە کۆیی




