ئەمڕۆ گەورەترین کەرنەڤاڵ بۆ سەرخستنی لیستی ٢٧٥ی پارتی لە ئاکرێ بەڕێوە دەچێت

ئاکرێ-KDP.info- بەرپرسی لقی ۹ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی گەورەترین کەرنەڤاڵی جەماوەری لە سنووری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بۆ سەرخستنی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
دکتۆر مەردان خدر، بەرپرسی لقی ۹ی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند، ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی گەورە بۆ سەرخستنی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، کە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی کەرنەڤاڵەکە بەڕێوە دەچێت و چەندین ھونەرمەندی ناوداری کوردستان، لەوانە حەسەن شەریف و محەمەد تەھا ئاکرەیی و سەفەری نەقەبی و ھەردوو کوڕەکەی بەھمەن نەقەبی و کانی نەقەبی بەشداری دەکەن، بۆیە ئەو جۆش و خرۆشەی لای خەڵکی ئێمە ھەیە دەیان ھەزار کەس بەشداری تێدا دەکەن و بەلایەنی کەمەوە ١٥ ھەزار کەس بەشدار دەبن، لەبەر ئەوە دڵنیاین یەکێک دەبێت لە گەورەترین کەرنەڤاڵی جەماوەریی لیستی پارتی.
دکتۆر مەردان گوتیشی، شوێن بۆ ھەموو چین و توێژەکان لە سنووری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش ئامادە کراوە و بەشداری لەو کەرنەڤاڵەدا دەکەن، بڕیاریشە ئەمڕۆ یەکشەممە دوای نیوەڕۆ کەرنەڤاڵەكە دەستپێبکات، چونکە سنوورێکی فراوانە و خەڵکێکی زۆر بەشداری تێدا دەکەن لە پێناو سەرکەوتنی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بڵند ئیبراھیم




