وەزیری شارەوانی: هاووڵاتی لە شار دابێت یان لە گوند خزمەتکردنی ئەرکی حکوومەتە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەی کردەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە گوتی، "خزمەتکردنی هاووڵاتیان ئەرکی حکوومەتە، جا ئەو هاووڵاتییە لە سەنتەری شار دابێت یان لە گوندێکی دوورە دەست.
گوتیشی، "ئەو پرۆژەیە بەشێکە لەو پلانەی سەرۆک وەزیران، کە بە مەبەستی چارەکردنی گرفتی کەمئاوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر و دەورووبەری دایناوە، تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و گوندەکانی دەورووبەریەتی، کە لە ماوەیەکی کەمی پێوانەییدا بە گوژمەی 222 ملیار دینار تەواو کرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، هاوتەریبە لەگەڵ پڕۆژە گەورەکانی دیکەی حکوومەتدا لە سەرجەم سێکتەرەکاندا، گوتیشی، ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی پلان و ستراتیژییەتی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم و دیدگای سەرۆک وەزیران، مەسروور بارزانییە بۆ چارەسەری کێشە لەمێژیینەکان و گرفتەکان لە کات و ساتی خۆیدا.




