سەرۆکی لیستی پارتی لە ھەولێر بۆ KDP: دڵنیاین كە سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەین

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر دەڵێ، بەھۆی گەرموگوڕیی خەڵک لە پرۆسەی بانگەشە، پێشبینی دەکرێت بەشدارییەکی کارا ھەبێت و پارتی ئەمجارە سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار دەکات و دەنگەکانی پارتیش زیاد دەبن.
د. رێبوار ھادی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پرۆسەی بانگەشە بۆ لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر زۆر باش و بە شێوەی شارستانی و ئارام بەڕێوە دەچێت و ئێمەش بە ھەگبەیەکی پڕەوە بانگەشە بۆ لیست و کاندیدانی خۆمان دەکەین و خەڵک ھان دەدەین بەشداری لە ھەڵبژاردندا بکەن و بە ھێزەوە بچنە سەر سندووقی دەنگدان، چونکە بەھێزبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بەھێزبوونی کوردستانە.
د. رێبوار ھەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، خەڵک پێشوازییەکی گەرم لە لیست و کاندیدانی پارتی دەکات و دڵنیاین لەوەی سەرکەوتی گەورە تۆمار دەکەین و دەنگی پارتی ئەمجارە زیاد دەکات، بۆیە بۆ بەدەستھێنانی کورسیش لەسەر رێژەی بەشداری دەمێنێتەوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەمجارە خەڵک زیاتر بەشدار بێت و ئێمەش بە خەڵک دەڵێین پێویستە بەشدارییەکی کارایان هەبێت و پێویستە ئێمە لە بەغدا بەھێز بین.
بڵند ئیبراھیم




