سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوای لە باڵیۆزى توركیا له عێراق کرد

ھەولێر-KDP.info- ئهمڕۆ سێشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسروور بارزانى سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوای لە ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزى توركیا له عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەدا کە ئەرمان تۆپچو، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، وێڕای جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ کرا.
باڵیۆزى توركیا ، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆژە و چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا لە سەرۆکی حکوومەت کرد و بەتایبەتیش ئاماژەی بە پڕۆژەی ڕووناکی و پڕۆژەکانی پاراستنی ژینگە و پشتێنەی سەوزایی و دابینکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاریی ئاو کرد.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا ، باس لە ڕێککەوتنی سێ لایەنەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە ببێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لە خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.




