سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لهگهڵ باڵیۆزى فهرهنسا كۆبووهوه

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٥/١٠/١٤ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا داکۆکییان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد و تیشکیان خستە سەر بوارەکانی ھاریکاریی ھاوبەشیان، ھەروەھا دەربارەی دۆخی گشتیی عێراق و ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی ھەولێر - بەغدا و گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، بیروڕایان گۆڕییەوە.
ھەردوولا لەسەر گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات، ھەروەھا پتەوکردنی ھاریکاریی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی عێراق، ھاوڕا بوون.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا کە بەڕێز یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان، ئامادەی بوو، بە بایەخەوە باسیان لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دوایین ھەنگاوەکانی کرد و دۆخی سووریا و ڕێککەوتنی ڕاگرتنی شەڕیان لە غەززە، تاوتوێ کرد.





