٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی لیستی ھەولێر: بە ھەگبەی پڕەوە له‌نێو خەڵکین و ئاھەنگی جەماوەریش ساز ده‌كه‌ین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر رایدەگەیەنێت، پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە بازنەی ھەولێر بە ئارامی بەڕێوە دەچێت و دەشڵێ، ئێمە دەمانەوێت پارتی لە بەغدا بەھێز بێت، لەبەر ئەوەی بەھێزبوونی پارتی، واتا بەھێزبوونی کوردستان، چونکە پارتی لە بەغدا ھەمیشە داکۆکیکار بووە لە مافی دەستووریی خەڵکی کوردستان.

د. رێبوار ھادی، کاندیدی ژمارە یەک و سەرۆکی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر، په‌یوه‌ست به‌ به‌ڕێوه‌چوونی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ چه‌ند و ڕۆژانی داهاتووش، تایبه‌ت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە ئارامی بەڕێوە دەچێت و ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لەو ھەڵبژاردنەدا دەکەین بە دروشمی ھاوبەشی، سازان و ھاوسەنگی، چونکە پێمان وایە لە عێراق پێویستە ھەموو لایەنەکان ھاوبەش بن و بڕوامان بەوە ھەیە ھاوبەشیی راستەقینە ھەبێت، ئەوکات ھاوسەنگی و سازانیش دروست دەبێت و دەتوانین خزمەتی زیاتر بکەین.

دکتۆر ڕێبوار هادی گوتیشی، "ئێمە وەکو لیستی پارتی بە ھەگبەیەکی پڕەوە دێینە ناو خەڵکی خۆمان و پێیان دەڵێین، لە ڕابردوو و ئێستا و داھاتوودا ئەو حیزبەین توانیومانە و دەتوانین خزمەتی خەڵکی كوردستان بکەین لە خزمەتگوزاری و نیشتیمانپەروەری و پارێزگاریکردن لە مافی خەڵک، بۆیە پرۆسەکە زۆر بە ھێمنی و یاسایی و شارستانی بەڕێوە دەچێت و ھەر حزبێک مافی ئەوەی ھەیە بانگەشە بۆ لیستی خۆی بکات". 

پەیوەست بە داکۆکیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دکتۆر ڕێبوار دەڵێ، "پارتی لە بەغدا بەھێز بێت، ھەرێمی کوردستان بەھێز دەبێت و کورد بەھێز دەبێت، لەبەر ئەوەی پارتی لە بەغدا ھەمیشە داکۆکیکار بووە لە مافی دەستووریی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و بەردەوامیش دەبێت لە بەرگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستان.

کاندیدی ژمارە یەک و سەرۆکی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر، دەشڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلانیدا ھەیە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاھەنگی جەماوەری بۆ سەرخستنی لیستی خۆی لە ھەولێر ساز بکات.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار