خەسرۆ گۆران: حەفتەی دابێ لە مووسڵ کەرنەڤاڵێکی گەورەمان دەبێ

مووسڵ -KDP.info- بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ دەڵێت"خەڵکی نەینەوا پێشوازییەکی زۆر باش لە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو بۆ ناساندنی کاندیدانی خۆمان کەرنەڤاڵێکی گەورە لەناو پارێزگاری مووسڵ ئەنجام بدرێت."
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند"لە ڕۆژی دەستپێکردنی پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئێمەش دەستمان بە بانگەشە کردووە، لەگەڵ ھەموو چین و توێژەکان لە سنووری پارێزگای مووسڵ کۆدەبینەوە، ئەمڕۆش سمینارێکمان بۆ ڕێکخستنەکان ھەبوو، سبە و دووسبەش سمینار ئەنجام دەدەین تا هەموو ئەندامانی هەموو ناوچەکانی سنوورەکەمان بەشدار دەبن، دەستمان بە سەردانی جەماوەریش کردووە."
خەسرۆ گۆران گوتیشی "لە میانەی سەردانەکانمان پێشوازی زۆر باش لە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، پێشبینی دەکرێت سەرەڕای ئەوەی کۆسپ و تەگەرەمان بۆ دروست دەکرێت، بەھۆی ئەوەی مووسڵ جیاوازە لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە، بەھۆی دیاردەی ھەندێک گروپی چەکداری ھەندێک لایەن و تەگەرەی ئیداریش ھەیە بەھۆی ئەوەی ئیدارە لەدەست حکوومەتی ھەرێم نیە، بەڵام ئەوانە نابنە کێشە و ساردمان ناکەنەوە، بە گەرموگوڕی بەردەوام دەبین."
دەشڵێت "ھەفتەی داھاتوو لە سەنتەری پارێزگای مووسڵ بۆ ناساندنی کاندیدانی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرنەڤاڵێکی گەورەی جەماوەری ساز دەکەین."
بڵند ئیبراھیم




