بە بڕیاری مەسروور بارزانی پڕۆژەی ئاوی دووکان - سلێمانی ٣ جێبەجێ دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت ڕۆژی یەکشەممە ١٢-١٠-٢٠٢٥ گرێبەستی پڕۆژەی ئاوی دووکان - سلێمانی ٣ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار واژوو دەکرێت.
بە بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کردستان پڕۆژەی ئاوی دووکان - سلێمانی ٣ بە گوژمەی (٤٢٣،٨٩٠،٠٠٠) چوار سەد و بیست و سێ ملیۆن و ھەشت سەد و نەوەد ھەزار دۆلار جێبەجێ دەکرێت، ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵی دیکە کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەکات.
مەسروور بارزانی بڕیاری دا گوژمەی پڕۆژەکە لە (٣٩٨،٤٨٦،٠٠٠) دۆلار بۆ (٤٢٣،٨٩٠،٠٠٠) چوار سەد و بیست و سێ ملیۆن و ھەشت سەد و نەوەد ھەزار دۆلار زیاد بکات.
ڕۆژی یەکشەممە ١٢-١٠-٢٠٢٥ لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گرێبەستی (پڕۆژەی ئاوی دووکان - سلێمانی ٣) لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و کۆمپانیای جێبەجێکار واژوو دەکرێت.
دوای ئەوەی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە نووسراوی ژمارە (١١٤٤٣ لە ٢-٩-٢٠٢٤) گرنگی ئەم پڕۆژەیە بۆ سەرۆکایەتیی دیوان بەرز کرایەوە و دوای گرنگی خستنەڕووی ناوەڕۆک و گرنگی ئەم پڕۆژەیە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستبەجێ ڕەزامەندی دا بە جێبەجێکردنی بە نووسراوی (١٣٩٤ لە ١٨-٩-٢٠٢٥).
ھەروەھا بەمەبەستی باشتر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و گەیاندنی زۆرترین خزمەت بە خەڵکی شاری سلێمانی، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە زیادکردنی گوژمەکە لە (٣٩٨،٤٨٦،٠٠٠) دۆلار بۆ (٤٢٣،٨٩٠،٠٠٠) چوار سەد و بیست و سێ ملیۆن و ھەشت سەد و نەوەد ھەزار دۆلار.




