نێچیرڤان بارزانی: یەکگرتنی کورد لە بەغدا سەرچاوەی ھێزە بۆ ھەرێمی کوردستان

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، دەستووری عێراق بە ناو فیدراڵییە، بەڵام لە ڕاستیدا ھەموو شتێکە جگە لە فیدراڵی. هەروەها گوتیشی: ئەوەی عێراق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیکات، ناوەندگەراییەکی زۆر بە قوەتە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردن لە پانێلێک لە پەراوێزی دیداری مێری، گوتی: سەرکردایەتیی کورد ئەوەی پێویست بوو بۆ بیانتنانی عێراقێکی نوێ کەمتەرخەمییان نەکرد.
ئاماژەی بەوەکرد، دەستووری عێراق دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ ھەرێمی کوردستان نابێت بە کەم سەیری بکەین، بەڵام دەبێت ئەوە بپرسێن ئایا دەستوور وەک خۆی جێبەجێ کراوە؟ لە وەڵامدا بێگومان نەخێر تا ئێستا وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، ئەگەر بمانەوێت عێراقێکی خۆشگوزەران لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری ببینین، مەرجی یەکەم پابەندبوونە بە دەستووری عێراق، گەورەترین کێشەی وڵاتەکە ئەوەیە تا ئێستا نازانرێت سیستەمی وڵاتەکە فیدراڵییە یان ناوەندییە، عێراق لە ناوەڕۆکدا ھەموو شتێکە تەنیا فیدراڵی نییە.
ھەر لەبارەی سیستەمی عێراقەوە، نێچیرڤان بارزانی، ڕایگەیاند: ئەوە کە عێراق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیکات ناوەندگەراییەکی زۆر بە قوەتە.
ھاوکات جەختی لەوەکردەوە، بە باوەڕبەخۆبوونەوە پێم وایە قوڵایی ستراتیژی ھەرێمی کوردستان بەغدایە، بۆیە دەبێت لەگەڵیاندا بگەینە ئەنجام.
لە بارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی، ئاشکرای کرد، ھەڵبژاردنی ئەمجارە زۆر گرنگە، ئەم ھەڵبژاردنە دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە و بۆیە دەبێت ھەموو عێراقییەکان ئەم پرسە زۆر بە گرنگ بزانن و ھەست بەو بەرپرسیارێتییە بکەن.
هاوکات سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، دەبێت ئێمە وەک کورد لەو ھەڵبژاردنە بەشدار بین دەبێت خۆمان بسەلمێنین، چونکە سەنگی کورد و یەکگرتنی کورد لە بەغدا سەرچاوەی ھێزە بۆ ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دووبارە باسی لە گرنگی جێبەجێکردنی دەستوور لە عێراق کرد و گوتی: بۆ سەقامگیریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە عێراقدا، دەبێت دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
لەبارەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی، ڕوونیکردەوە، ھەڵبژاردنێکی زۆر سەرکەوتووانە لە ھەرێم بەڕێوەچوو، ڕاستە پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی نوێ زۆری خەیاندووە، بەڵام ئەوەی ئێستا گرنگە پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتی ھەیە.
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەشی خستەڕوو، قۆناغی زۆر گرنگمان لەگەڵ یەکێتی بڕیوە، دیدگای سیاسی خۆمان بۆ داھاتووی سیاسی ئەو وڵاتە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، وەرەقەیەکی ھاوبەشمان دروست کردووە. لەگەڵ یەکێتی تەنیا ماوە لەسەر پۆستەکان لە ھەرێمی کوردستان ڕێکبکەوین.
بەڵام ئەوەی نەشاردەوە، کە لەو بڕوایادا نییە کە کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەر لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێبکبھێنرێت.
تەوەرێکی دیکە پانێڵەکە تایبەت بوو بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، لەم بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی، گوتی: دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ھەم دەبێت دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، ھەم دەبێت کێشەی مووچە کۆتایی پێ بێت.




