عەلی حوسێن باس لە ڕووداوی تەقەکردن لە بارەگای پارتی و دڕاندنی پۆستەرەکان دەكات

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین ڕایگەیاند، کورد پێکهاتەیەکی گرینگی ناوچەکەیە و پێگەیەکی بەهێزی لە عێراقدا هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی ئۆکتۆبەری 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، عهلی حوســێن ئهندامی مهكتهبی سیاسی و بهرپرسی مهكتهبی ڕێكخستنی پارێزگای سلێمانی - ههڵهبجه - ڕاپهڕین، جەختی لە پێگەی بەهێزی کورد لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە کردەوە و ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی بەرز نرخاند. هەروەها تیشکی خستە سەر ڕووداوی تەقەکردن لە بارەگای پارتیمان لە عەربەت و دڕاندنی پۆستەری کاندیدان.
عەلی حوسێن گوتی: "کورد پێکهاتەیەکی گرنگی ناوچەکەیە و پێگەیەکی بەهێزی لە عێراقدا هەیە. سەرۆک بارزانی، نەک تەنیا وەک سەرۆکی پارتی، بەڵکو وەک ڕەمزێکی نەتەوەیی کورد کە هەموو لایەک ڕێزی لێدەگرن، پێشوازی لە لایەنە عێراقییەکان دەکات."
زیاتر ڕوونی کردەوە، لایەنە عێراقییەکان پێش هەڵبژاردن سەردانی کوردستان دەکەن و ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەکەن سەبارەت بە دۆخی عێراق، ناوچەکە و میکانیزمی هەڵبژاردنەکان.
عەلی حوسێن هەروەها گوتیشی: "ئەم ڕاوێژانە بۆ ئێستا و قۆناغی دوای هەڵبژاردنیشن و کارێکی ئەرێنییە. پێشبینی دەکەم لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم سەردانانە زیاتر بن."
دەربارەی دەستڕێژی گولـلە لە بارەگای پارتی لە شارۆچکەی عەربەت، عەلی حوسێن گوتی: "ئۆتۆمبێلێک تەقەی کردووە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا چەند گولـلەیەک بەر دیواری بارەگاکە کەوتووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە دەزگا ئەمنییەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەست پێکردووە، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن.
سەبارەت بە دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکانی پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین، عەلی حوسێن گوتی: "ئەم جۆرە ڕووداوانە لە کاتی بانگەشەدا ڕوودەدەن، بەڵام هیوادارین دووبارە نەبنەوە." داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە ڕێز لە یەکتر و لە دروشمی کاندیدەکان بگرن.




