وەزیری تەندروستی بۆ KDP، لەبارەی نرخی دەرمان و چاکسازییەکانی کەرتی تەندروستی دەدوێت

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە چاکسازییەکانی حکوومەت لە کەرتی تەندروستی دەکات.. وەزیر دەڵێت: کاری باشمان کردووە بۆ ئەوەی نەخۆشخانەی تازە، سەنتەری پشکنین و بەشی تازە لە نەخۆشخانەکان بکرێنەوە.
لە زۆربەی وڵاتان ڕێژەی تەمەن بە پێوەری سەرەکی تەندروستی کۆمەڵ دادەنرێت، لەو پێوەرە وڵاتانی چین و یابان لە پلە یەکەمەکانن، بەراورد بە وڵاتانی ئەورووپا کە لەڕووی پێشکەوتن زۆر باشن، ھەرێمی کوردستانیش لە ساڵانی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣ تەمەن لە ٥٨ تا ٦٢ ساڵ بوو، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایی گەیشتووەتە ٧٥ ساڵ، بەگشتی ئەمە ڕێژەیەکی کەم نیە لەچاو عێراق کە ٧١ ساڵە، لە وڵاتی دیکە لە ٧٠ ساڵیش کەمترە، ئەمە دەسپێکی قسەکانی د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، کە بەردەوامی بە قسەکانی داو لەسەر تەمەندرێژی خەڵک کە.بەتەندروستی بژین دەڵێت، ڕەنگە لە چەند ساڵی ڕابردوو کەسێک جەڵتەی مێشک لێی دابێت، لە ماوەی چەند کاتژمێرێک گیانی لەدەست دابێت، ئێستا ڕێژەی مردن بەو نەخۆشییە کەمترە، بەھۆی ئەوەی چارەسەری خێرای بۆ دەکرێت و دەرمانەکان زیاتر بوون، ئەمەش وای کردووە خەڵک تەمەنی درێژتر بێت.
دکتۆر سامان بەرزنجی لە باسی خزمەتگوزاری کابینەی نۆی حکوومەت کە خۆی لەم کابینەیە بووەتە وەزیر، دەڵێت: بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم گەیاندنی خزمەتگوزاری تەندروستییە بۆ ھەموو ھاووڵاتییان بەبێ جیاوازی. کاری باشیشمان کردووە بۆ ئەوەی نەخۆشخانەی تازە، سەنتەری پشکنین و بەشی تازە بکرێنەوە لە نەخۆشخانەکان، بۆ ئەوەی لە کەرتی حکوومی خزمەتی زیاتری نەخۆش بکرێت. لە ھەرێمی کوردستان خزمەتگەزاری تەندروستی بۆ حەوت ملیۆن کەس دابین دەکرێت، ڕاستە ژمارەی دانیشتووانی هەرێم شەش ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار کەسە، بەڵام ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار ئاوارە و پەنابەریش لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، لە عێراقیش خەڵک بۆ چارەسەر دێنە ھەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستمان بە زیاتر فراوانکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە، لە ھەرێمی کوردستان لە ھەر شارێک پێویستیمان بە شارێکی تەندروستی ھەیە، کە چەندین نەخۆخشانە بگرێتە خۆی، جگە لەوە پێویستمان بە چەندین سەنتەر ھەیە.
بەرزنجی باسی لەوەش کرد "لەم کابینەیە بەردەوام نەخۆخشانەی تازە دروست دەکرێن، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی نەخۆخشانەیەکی مۆدێرنی لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ نەخۆشخانەی شێرپەنجە لەھەولێر دانا، ئێستا ھەیکەلی لە قۆناغی کۆتایی دایە، چەندین پڕۆژەی دیکەی تەندروستی لە سلێمانی و دھۆک لەبواری جێبەجێکردن دان، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە سیدەکان نەخۆخشانەیەک تەواوبووە و چەندین بنکەی تەندروستی دروست کراون، دەمانەوێت بنکە و نەخۆشخانەی زیاتر دروست بکرێن، پزیشک و کارمەندی زیاتری تەندروستی دابمەزرێن، چونکە کورتھێنانمان ١٤ ھەزار پزیشک و کارمەندە، تەنیا لەمساڵ ٣ھەزار کەسمان خانەنشین بووە، بۆیە پێویستمان بە دامەزراندن ھەیە، سەرۆکی حکوومەتیش ڕێژەیەکی باشی بۆ دامەزراندووین بۆ نەخۆشخانە تازەکان، بۆیە بەردەوام پێویستمان بە دامەزراندن ھەیە."
وەزیری تەندروستی لەبارەی دەرمانەوە دەڵێت، "ئەو نرخانەی بۆ دەرمان دیاریکراون جێگیرە و نابێت گرانتر بفرۆشرێن و کەس ناتوانێت زیاتر بفرۆشێت، بۆیە لەسەر پاکەتی دەرمان نووسراوە و ناشبێت لەوە گرانتر بکڕن، بۆ نرخی دەرمان سێ ھەنگاو دەگرینە بەر، لەوانە ھێنانی شارەزای نێودەوڵەتی بۆ پرۆسەی نرخ دانان، پڕۆژەیەکمان ھەیە بۆ گەیشتنی دەرمان بەدەستی نەخۆش کە لەڕێگەی کۆدێک دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دەرمان بۆ ئەوەی نەتوانرێت گۆڕانکاری لە نرخەکان بکرێت، بۆیە پێویستە دەرمان بە ستیکەر بێت بۆ ئەوەی بڕواپێکراو بێت، ئەگەر ستیکەری پێوە نەبێت ناکرێت بەکاربێت، بۆیە نرخی دەرمان ئێستا بەراورد بە ڕابردوو ١٧%ی دابەزیوە، داشکاندن بۆ ھەموو دەرمانەکان کراوە کە ٢٣٩ملیار دینار داشکاندن لە دەرمان کراوە، ئەمەش ھەنگاوێکە لە خزمەتی ھاوڵاتیان دایە."
بڵند ئیبراھیم




