زانکۆی کامبریج گرێبەستێكی ١٠ ساڵەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم ئەنجام داوە

مێرگەسۆر-KDP.info- تیمی لێکۆڵینەوەی زانکۆی کامبریجی بەریتانیا، بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی مانگێکە کار لە ئەشکەوتی شانەدەر دەکات.
سۆران ئەمیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، تیمی زانکۆی کامبریجی بەریتانیا، کە لە تیمێکی ٢١ کەسی پێکهاتووە، سەردانی ئەشکەوتی شانەدەریان کردووە.
سۆران زیاتر گوتی، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم ئەنجام داوە بۆ زیاتر لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەشکەوتی شانەدەرەوە.
ناوبراو هەروەها ڕوونیشی کردەوە، ئەوەی بۆ تیمی کامبریج گرینگ بووە لە پشکنینی ئەم جارە، ئەنجامدانی پشکنین لە کەللەسەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ و ئەو ئێسک و پاشماوانەی ئاژەڵە کێوییەکان و ئەو کەرەستانەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ بەکاری هێناون، بووە. دەیانەوێت بزانن مرۆڤی نیاندەرتاڵ بۆ لەناوچووە لەم جیهانە و مرۆڤی نیاندەرتاڵ چی لە ژیانی ڕۆژانەی خۆی ئەنجام داوە و بەکاری هێناوە.
دەشڵێ، تیمی زانکۆی کامبریج بۆ پشکنین هەموو ئەو ئێسک و پاشماوانەی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراونەتەوە، لەگەڵ خۆیان دەیانبەنەوە بۆ تاقیکاری و لێکۆڵینەوە، دوای زانینی ئەنجامی پشکنینەکانیش، ئەوان وەک ئەمانەتێک شتە دۆزراوەکان دەگەڕێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بە ڕاپۆرتێک پێشکەش بە حکوومەتی هەرێمی دەکەن.
تیمی کامبریج بۆ ساڵی داهاتووش بۆ دوو وەرز سەردانی شانەدەر دەکەنەوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر، چونکە شانەدەر تاکە شوێنە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت لەبەر مرۆڤی نیاندەرتاڵ.
ساڵی ۲۰۱٨ کەللەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ لەلایەن تیمێکی زانکۆی کامبریجی بەریتانی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزرایەوە، ئەمەش بووە سەرچاوەی تێگەیشتنی نوێی جیهان بۆ ژیانی نیاندەرتاڵەکان.
كرمانج گوانی




