باوکی ڕۆحیی ئێزدییەکان لە ڕێگەی KDPیەوە پیرۆزبایی و داوایەك ئاراستەی ئێزدییەكان دەکات

لالش-KDP.info- جەژنی جەما، یەکێکە لە جەژنە کۆنەکانی ئێزدییەکان، کە لە ٦ تا ١٣ی تشرینی یەکەم دەست پێدەکاتەوە و هەر ڕۆژێک ڕێوڕەسمێکی تایبەتی خۆی هەیە، تایبەت بەو جەژنە باوکی ڕۆحیی ئێزدییەکان گوتی، لە ماوەی ئەو حەوت ڕۆژەدا کاتێ ئێزدییەکان سەردانی لالش دەکەن، ئەوانەی کێشەیان لەگەڵ یەکتر هەیە، با دڵی یەکتری خۆش بکەن، ڕۆحی لێبووردنیان هەبێت. یارمەتیی خزمەتکاران بدەن و پاک و خاوێنیی پەرستگاکە لەبەرچاو بگرن.
بابەشێخ، کە دەکاتە باوکی ڕۆحیی ئێزدییەکان، بە بۆنەی جەژنی جەماوە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پیرۆزبایی ئاراستەی ئێزدییەكان دەکات و دەڵێ، بە بۆنەی جەژنی جەما گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێزدییەكان دەکەین. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ تەواوی ئێزدییەکان و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و عێراق و جیهان.
بابەشێخ هەروەها گوتیشی، ئەم جەژنە یەکێکە لە کۆنترین جەژنەکانی ئێزدییان كە بەو بۆنەیەوە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ڕێوڕەسمی ئایینی لە پەرستگەی لالش بەڕێوە دەچێت.
باوکی ڕۆحیی ئێزدییەکان داواشی كرد، لە ماوەی ئەو حەوت ڕۆژەدا کاتێ ئێزدییەکان سەردانی لالش دەکەن، ئەوانەی کێشەیان لەگەڵ یەکتر هەیە، با دڵی یەکتری خۆش بکەن، ڕۆحی لێبووردنتان هەبێت. یارمەتیی خزمەتکاران بدەن و پاک و خاوێنیی پەرستگاکە لەبەرچاو بگرن.
دڵگەش باعەدری




