وەزارەتی ناوخۆ بۆ KDP: دامودەزگاکانی ئاسایش ڕاسپێردران و ھێڵێکی گەرمیش دروست کرا

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، لیژنەی باڵای سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و تێیدا باسی چەندین پرسی پەیوەست بە پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا، لەوانە ئاسانکاری بۆ ئەو ھاووڵاتیانە دەکرێت كە دەنگدانیان لە ناوچە کوردستانییەکانە و دانیشتووی ھەرێمی کوردستانن و لێپرسینەوەش لەگەڵ ئەو ھەژمارانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکان دەکرێت بێڕێزی بەرامبەر بە ئافرەتی کاندید بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ھێڵێکی گەرم دروست کراوە.
د. ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لیژنەی باڵای سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجام دا و تێیدا باسی ڕەشنووسی پلانی ئەمنی و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقی کرد و بڕیاری پێویستی لەبارەوە درا، کە یەکێک لەو خاڵانەی گفتوگۆی لەبارەوە کرا ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بوو، بۆ ئەوەی ئامادەکاری و ئاسانکاری بۆ ئەو ھاووڵاتیانە بکرێت کە کارتی دەنگدانیان لە ناوچە کوردستانییەکانە و لە ھەرێمی کوردستان دادەنیشن، بۆ ئەو مەبەستەش دامودەزگاکانی ئاسایش ڕاسپێردران بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ ئەوکەسانە بکەن.
میرانی هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لیژنەکان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردراون بۆ ئەوەی چاودێریی دۆخەکە بکەن کە نابێت حیزب و لایەنەکان پۆستەرەکانیان لە شوێنی گشتی ھەڵبواسن و لیژنەی باڵا پاڵپشتی لە کاندیدە ئافرەتەکان دەکات کە ئەرکی بەدواداچوونی ھەراسانکردنی کاندیدە ئافرەتەکانە لە ھەموو سێکتەرەکان و ھێڵێکی گەرمیش بە ژمارە ١١٩ دروست کراوە بۆ ئەوەی ھەر ئافرەتێکی کاندید ھەراسان بکرێت، دەتوانێت پەیوەندی بەو ھێڵە گەرمەوە بکات و ھەر ھەژمارێکی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و کەناڵێکی میدیایی بێڕێزی بەرامبەر ئافرەتی کاندید بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ھەفتەیەک پێش ھەڵبژاردن نووسینگەکانی کۆمسیۆن و قوتابخانەکان لەلایەن لیژنەی باڵا چاودێری دەکرێن و جگە لەوەش لیژنەکە چاودێریی بانگەشە و کەمپینەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردن دەکات و ئەرکی لیژنەکەشە سەرپەرشتیی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات.
بڵند ئیبراھیم




