ئەرێ ئەردۆغان لەگەڵ دەسەڵاتی كوردی لە باكووری عێراقدا پەیمانی نەوت مۆر دەكات؟
سەدات ئەرگین
یەكێك لە مەسەلە گەرم و گۆڕەكانی ئەم دوایەی نێوان توركیا و ئەمریكا، پێكهاتنی ئەمریكا توركیا لەسەر ئەوەیە كە دەسەڵاتی كوردی لە باكووری عێراقدا بتوانێت نەوتی ناوچەكەی خۆی لە رێگای توركیاوە بنێرێتە بازارەكانی جیهان بە تایبەتی بازارەكانی ئەورووپا.
لە كاتە ساتێكدا كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان سەر قاڵی ئامادەكاری بۆ مۆر كردنی ئەو پایمانەیە كە لەگەڵ سەرۆكی دەسەڵاتی باكووری عێراق مەسعوود بارزانیدا ناوەرۆكەكەیان بۆ یەكتر روون كردووەتەوە، دەسەڵاتی ئوباما لە ئەمریكایش بەو پەری هێزی خۆیەوە سەرقاڵی ئەوەیە كە ئەم پەیمانە هەڵوەشێنێتەوە. لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دەسەڵاتی ئەمریكا چەندین جار توركیایان ئاگادار كردووەتەوە كە بەهێز بوون و سەربەخۆ بوونی ئابووری باكووری عێراق دەبێتە هۆكاری لاواز بوونی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و باكووری عێراق و ئەمەیش دەبێتە هۆكاری جیابوونەوە و سەربەخۆ بوونی باكووری عێراق. ئوباما و دەسەڵاتەكەی چەندین جار لە رێگای كاناڵی جیاجیاوە لەم بوارەدا حكوومەتی توركیای ئاگادار كردووە تەوە و پێ رایگەیاندووە كە بە هیچ شێوەیەك نایەوێ دەسەڵاتی كوردی لە باكووری عێراقدا لە رووی ئابوورییەوە بەهێز ببێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جون كێرری لە سەردانی حەفتەی رابردووی خۆی بۆ توركیا بە شێوەیەكی گشتی ئاماژەی بەوە كرد كە دەبێت دەسەڵاتی كوردی لە باكووری عێراق و حكوومەتی توركیا خۆیان لە هەر جۆرە هەوڵدانێك كە ببێتە هۆكاری لاواز كردنی یەكیەتی و یەكپارچەیی عێراق بە دوور بگرن. لە رووی دیپلوماسییەوە مانای ئەم وتانەی جون كێرریش دەگەڕێتەوە بۆ دژایەتی كردنی مۆر كردنی پەیمانی هەناردە كردنی نەوتی باكووری عێراق بۆ بازارەكانی جیهان. هۆكاری نارەزایەتی ئەمریكا لە هەناردە كردنی نەوتی باكووری عێراق بۆ بازارەكانی جیهان و بەهێز بوونی دەسەڵاتی كوردی لە باكووری عێراقدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەمریكا ترسی لەوە هەیە كە لە حاڵەتی بەهێز بوونی باكووری عێراقدا یا خۆ لە حاڵەتی هەناردە كردنی نەوتی بۆ بازارەكانی جیهان، دەسەڵاتی شێعە لە عێراق بە سەرۆكایەتی مالێكی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئێراندا بەرفراوانتر و بەهێزتر بكات و مالێكی بەكەوێتە ژێر كاریگەری و كونترۆڵی ئێرانەوە.
ئەگەر 5 یا 6 ساڵ لەمەوبەر یەكێك باسی ئەوەی كردبایا كە باكووری عێراق دەیەوێ لە رێگای توركیاوە نەوتی خۆی بۆ وڵاتانی جیهان هەناردە بكات و توركیایش لەم روویەوە ئامادەكاری بۆ مۆر كردنی پەیمانێك لەگەڵ باكووری عێراقدا دەكات و ئەمریكا دژایەتی ئەم پەیمانە دەكات و هەوڵ بۆ نزیكتر كردنەوەی ئانكارا و بەغدا دەدات، هیچ كەس باوەری نەدەكرد چوونكە ئەو كاتە رای گشتی كۆمەڵگەی توركیا بە شێوەیەكی دیكە بیری دەكردەوە، بەڵام ئەمرۆ كۆمەڵگەی گشتی توركیا بە شێوەیەكی دیكە بیر دەكاتەوە و پێ وایە كە ئەگەر باكووری عێراق نەوتی خۆی لە رێگای توركیاوە هەناردە بكات ئەوا توركیایش لە رووی وزە و سووتەمەنییەوە دەبێتە سوودمەندێكی سەرەكە.
شتی سەرنجراكێش ئەوەیە كە لە ساڵی 2003 لە كاتی شەڕی دژی سەدامدا حكوومەتی توركیا هەمیشە بەرپرسانی ئەمریكای لە بەرامبەر نەوت و وزە و سەرچاوەكانی دیكەی وزەی عێراق ئاگادار كردووەتەوە وداوای ئەوەی لە ئەمریكا كردووە كە دەبێت نەوت و گازی عێراق لە ژێر كونترۆڵ و چاودێری حكوومەتی مەركەزیدا هەناردە بكرێت.
لە ساڵی 2003دا توركیا ترسی لەوە بوو كە ئەگەر نەوتی باكووری عێراق بكەوێتە دەستی دەسەڵاتی كوردی ئەوا دەسەڵاتی كوردی لە عێراق جیا دەبێتەوە سەربەخۆیی خۆی رادەگەینێت، توركیا چەندین جار ئەم ترس و بیروڕایەی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی ئەمریكادا خستووەتە روو، بەڵام سەرەتا ئەمریكا ئەم ترسەی توركیای بە هەند وەرنەدەگرت.
بەڵام دوای تێپەڕ بوونی 10 ساڵ لە سەر شەڕی عێراقدا ئەمرۆ رۆلەكان و هاوسەنگییە سیاسییەكان گۆڕانیان بە سەردا هاتووە و توركیا كە 10 ساڵ لەمەوبەر داوای پاراستنی یەكپارچەیی عێراقی دەكرد ئەمرۆ ئامادەیە كە بەبێ رەزامەندی ئەمریكا لەگەڵ دەسەڵاتی باكووری عێراقدا پەیمانێك مۆر بكات كە دەبێتە زەمینە خۆشكەر بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی كوردی و ئەمریكایش لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەی توركیادا دڵگرانە.
بە پێ ئەو پەیمانەی نێوان توركیا و هەولێر كە ئەمریكا دەیەوێ هەڵیبوەشێنێتەوە، پرۆژەی لوولەی نەوتی نێوان باكووری عێراق و توركیا پرۆژەیەكە كە تا دوو ساڵی دیكە ئامادە دەبێت و رۆژانە دەتوانێت یەك میلیون بەرمیل نەوت هەناردەی بازارەكانی جیهان بكات. ئەگەر بە پێ نرخی ئەمرۆی نەوت، نرخێك بە سەر ئەم 1 میلیون بەرمیلە دانین ئەوا ساڵانە 30 میلیار دۆلار داهاتی دەبێت بۆ باكووری عێراق.
خاڵی ئاڵۆزی ئەم پەیمانە ئەوەیە كە سەرەڕای ئامادە بوونی دەسەڵاتی كوردی بۆ مۆر كردنی ئەم پەیمانە بەڵام لایەنی توركی تا ئەمرۆ بە بیانووی جۆربەجۆر خۆی لە مۆر كردنی ئەم پەیمانە دەدزێتەوە. ئەمە بریارێكی یەكجار گرنگ و هەستیارە بۆ سیاسەتی دەرەوەی توركیا و مۆر كردن یا خۆ مۆر نەكردنی ئەم پەیمانە كاریگەری جیاوازی لە سەر سیاسەتی دەرەوەی توركیا و بارودۆخی ئابووری نێوخۆیی توركیا دەبێت.
لە مانگی ئاداردا سەرۆك وەزیری توركیا لە بەرنامەیەكی تایبەتی خۆی لە كاناڵی دە تیڤیدا ئاماژەی بەوە كرد كە لە بەرنامەیاندایە كە لوولەی نەوتی كەركووك لە رێگای چەندین لوولەی دیكەوە تەقویەت ( بەهێزتر) بكەن. ئەم وتەیەی سەرۆك وەزیر ئەوە دەگەینێت كە توركیا بریاری داوە ئەم پەیمانە مۆر بكات بەڵام چاوەڕوانی كاتە ساتی گونجاوە. هەر لەم بەرنامەیەدا سەرۆك وەزیری توركیا ئاماژەی بەوە كردبوو كە بە پێ دەستووری بنەڕەتی عێراق لە سەدا 17ی نەوتی عێراق بۆ باكووری عێراق دەبێت. لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی باكووری عێراق ئەو گەرەنتییەی داوەتە توركیا كە داهاتی نەوتی باكووری عێراق بە پێ دەستووری بنەڕەتی عێراق دابەش دەكرێت و لە سەدا 83ی بۆ عێراق و لە سەدا 17یشی بۆ باكووری عێراق دەبێـت. ئەم گەرەنتییە كە لە لایەن باكووری عێراقەوە بە توركیا و بەغدا دراوە رێگا خۆشكەرە بۆ ئەوەی كە توركیا بەبێ ترس و دوو دڵی پەیمانی هەناردە كردنی نەوتی باكووری عێراق بۆ بازارەكانی جیهان مۆر بكات.
سەرچاوە. حوریەت




