مامۆستایان و ئەکادیمیستان و پەروەردەکاران پشتیوانیان بۆ لیستی 275ـی پارتی دوپاتکردەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەمرۆ دووشەممە بەئامادەبونی بەڕێزان د.پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.زانا مەلا خالد، بەرپرسی لقی دوو و یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەب و پڕۆفیسۆران و مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی پەروەردە و ئەکادیمیستان، دیدارێکی فراوان بۆ پشتگیری لەلیستی 275ـی پارتی ئەنجام درا.
لەكۆبوونەوەكەدا، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە ئەرکی هەمووانە بۆ بەهێزەوە سەرخستنی لیستەكە كاربكرێت، تاوەكو لەبەغدا بەهێزەوە پارێزگاری لەمافەکانی خەڵکی کوردستان بكرێت و کاروانی ئاوەدانی بەردەمبێت.
پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا تەئکیدی کردەوە تەنیا پارتی دەتوانێت خۆڕاگرانە ڕووبەڕووی فشارەکان ببێتەوە و حوکمڕانییەکی سەرکەوتوو بکات، بۆیە دەبێت پارتی لەبەغدا بەهێزبێت.
لای خۆیشەوە د.پشتیوان سادق بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لەوتارەکەیدا ڕوونی کردەوە کە دەنگدان ئەرکێکی دیموکراسی نەتەوەیی ویژدانیە، لە پێناو بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە گرنگە بەهەموتواناوە دەنگ بەلیستی ژمارە ٢٧٥ـی پارتیمان و کاندیدانمان دەدەین تا کوردستانمان و سەرکەوتن و دەستکەوتەکانمان پارێزراوبن.




