بەرپرسی لقی نۆی پارتی: سەرکەوتنێکی دیکە بۆ پارتی تۆمار دەکەین

ئاکرێ -KDP.info- ئەمڕۆ لە سنووری لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەراسیمێک بۆ ناساندنی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لیستی ژمارە ٢٧٥ ڕێکخرا، تێیدا بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "بە پشتیوانی جەماوەری خۆڕاگری ئاکرێ و بەردەڕەش، سەرکەوتنێکی دیکە لەم ھەڵبژاردنە بۆ پارتی تۆمار دەکەین و دەیخەینە سەر سەرکەوتنەکانی دیکەی."
دکتۆر مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند "ئەمڕۆ بە پشتبەستن بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی و بە پشتگیری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و، خۆڕاگری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، ئەمڕۆ لە ئاکرێی خۆڕاگر و لە سنووری لقی نۆ، لە ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش لەژێر دروشمی ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان، دەست بە ھەڵمەتی بانگەشەی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لیستی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر، لیستی شەھیدان، لیستی پێشمەرگە و سەرۆک و مەرجعی کوردستان سەرۆک بارزانی دەکەین."
دکتۆر مەردان خدر گوتیشی "ئەمجارەش بە پشتبەستن بە خەڵکی کوردستان و دڵسۆز و کورد پەروەری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و ئەندام و لایەنگرانی پارتی، بەرەو ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەچین، بە پشتیوانی ئێوە ئەمجارەش سەرکەوتنێکی دیکە دەخەینە سەر ھەموو سەرکەوتنەکانی لە مێژوو تۆمارمان کردوون. ئەمجارە دڵنیاین لەو خزمەتە بەردەوامەی لەبواری سیاسی، کوردایەتی، خزمەتگوزاری، ئاوەدانی، خۆڕاگری پارتی و نوێنەرانی لە حکوومەت و سەرۆکایەتی ھەرێم و لە حکوومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق پێشکەشکراون، سەرکەوتنێکی دیکە تۆمار دەکەین و پێگەی کورد لە بەغدا قایمتر دەکەین، لەبەر ئەوەی چەند پارتی بەھێز بێت و کورسی زیاتر بێت، پێگەی کورد زیاتر بەھێز دەبێت و ئێمە لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد نزیکتر دەکاتەوە."
دەشڵێت، "ئەمجارەش بە شێوازێکی ھێمانە و لەسەرخۆ، بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بانگەشە دەکەین و ڕێز لە ھەموو بیر و بۆچوونەکان دەگرین، ئەمەش بە پشتبەستن بەو خزمەتەی ٧٦ ساڵە پێشکەشی خەڵکی دەکەین، بە پشتبەستن بە خوێنی شەھیدان و پێشمەرگە و ئەنفالکراوان، دەست بە بانگەشە دەکەین. گەورەیی پارتی لەوە دایە ڕێز لە بۆچوونی جیاواز دەگرێت و بانگەشەیەکی سەردەمیانە ئەنجام دەدات، بۆیە داواکارم لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی، بانگەشەیەک نەکەن دوور بێت لە پرنسیپی دیموکراسی و پرنسیپەکانی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی. لەگەڵ ئەوە نین پەنا بۆ لابردن و دڕاندنی دروشم و وێنەی کاندیدەکانی دیکە ببرێت، چونکە ئەوە لەگەڵ سیاسەتی پارتی و ڕێبازی بارزانی ناگونجێت."
بڵند ئیبراھیم




