٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەڕاندنەوەی تەرمی نەمران بووە هۆكاری یەكهەڵوێستی و ئارامی بۆ كوردستانیان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەركردە و سیاسەتمەدارانی كورد، باس لەوە دەكەن بڕیاری هێنانەوەی تەرمی نەمران مەلا مستەفا بارزانی و كاك ئیدریس بارزانی، حەكیمانە بوو، بە دوژمن گوترا خاكی كوردستان دەپارێزین و پیرۆزییەكانمان دەهێنینەوە، دڵنیایی بە گەلی كورد درا كە ئیدی ئاساییش و ئاوەدانی دەستیپێكرد.

فایەق مەهدی، ئەندامی سەركردایەتی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، لە بارەی ڕۆژی هێنانەوەی تەرمی بارزانیی نەمر و كاك ئیدریس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ئەو ڕۆژەی تەرمی سەرۆك مستەفا بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لەیاد گەڕێندرانەوە خاكی وڵات، شاهیدی مەڕاسیمەكە بووم چۆن گەلی كورد پێشوازییان لە تەرمی پیرۆزیان كرد كە هەرگیز پێشبینی نەدەكرا، هەموو لەسەر شەقام بوون، گریان و لاوانەوە و گوڵبارانیان دەكردن وەك دوو سومبوڵی گەل.

هۆكاری گرنگییەكە ڕوون دەكاتەوە و دەڵێت، "زۆر پێویست بوو لەو دۆخەی ئەوكاتی كوردستان تەرمی دوو سەركردەی مەزن بگەڕێندرێنەوە، گەلی كوردستان ئیدی زیاتر لە ئارامی و ئاساییشی وڵات و حكومڕانی كوردی دڵنیا بوونەوە، چونكە تۆپ و تانكی بەعسی داگیركەر چواردەوری كوردستانی ئازادكراویان گرتبوو، خەڵك لە دڵەڕاوكێدا بوون، بڕیارەكە لە جێگای خۆی و حەكییمانە بوو لەلایەن سەرۆك بارزانی درا، ئیدی وڵات بەرەو سەركەوتن و ئاسایشی گشتی ڕۆشت.

ڕۆژی 6-10-1993 تەرمی نەمران مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی هەمیشە لە یاد، لە كەژاوەیەكی پڕشكۆدا لە سنووری نێودەوڵەتیی باشماخ بەرەو خاكی كوردستان هێندرانەوە، مام جەلال سكرتێری ئەوكاتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەركردەی باڵای حزبەكان و سەدان هەزار هاووڵاتی لە پێشوازیی تەرمی پیرۆزیاندا بوون.

دیاری حوسێن، سەركردە و فەرماندە لە ڕۆژەكانی هێنانەوەی تەرمی بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لەیاددا یاوەری تەرمەكان بووە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "سەرۆك بارزانی بڕوای بە گەلی كورد هەیە، بۆ ئەوەی گەلی كورد دڵئارام بن و دوژمنان تێ بگەن ئەمە خاكی خۆمانە و پارێزگاری لێ دەكەین، پێی گوتن كە پیرۆزییەكانی خۆشمان دەهێنینەوە سەر خاكی خۆمان. گەڕاندنەوەی تەرمی نەمران بووە هۆكاری زیاتری یەكدەنگیی كوردستانیان، لە باشماخەوە لەگەڵ تەرمی پیرۆزیاندا بووم، لە سەر درێژیی ڕێگەی گوند و شارەكان ئاپۆڕای خەڵك بوو بۆ پێشوازیی پڕشكۆ لە تەرمی بارزانیی باوك و كاك ئیدریسی هەمیشە لە یاد، ڕۆژێك بوو هەمووان چاویان فرمێسی پێدا دەهاتە خوارەوە، ئەوەی لە سلێمانی بۆ تەرمی نەمران كرا بەڕاستی لە مێژووی گەلی كورددا بێوێنە بوو.

"پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی، بڕوایان هەبوو ئیدی ئارامی، ئاسایش و حكومڕانیی خۆمان هەیە و پارێزگاری لە كوردستانی ئازاد لە داگیركەران دەكەین، سەرۆك بارزانی لە كاتی كۆڕەوە ملیۆنەكەی گەلەكەمان، بە هاووڵاتیانی گوت: بۆ كوێ دەڕۆن ئێمە لەم وڵاتەین و لە پێناویدا گیان بەخت دەكەین، ژیانی ئاوارەیی ژیانی نەمانە، وڵات و گەلەكەی خۆمان بەجێ ناهێڵین" دیاری حوسێن وای گوت.

 

عه‌زیز ڕه‌سووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار