٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی حوسێن: خەڵکی ئەم سنوورە ھۆشیارن و دڵنیاین دەنگ بە پارتی دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  لە دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە مەراسیمێكی شایستەدا، مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای سلێمانی –هەڵەبجە- ڕاپەڕین، بە ئامادەبوونی (عەلی حوسێن) ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای سلێمانی _ هەڵەبجە _ ڕاپەڕین و یاریدەداران و بەرپرسی لقەكان و كاندیدانی بازنەی سلێمانی و جەماوەرێكی بەرچاو  لە هۆڵی بۆنەكانی مەكتەب ئاهەنگێكی جەماوەری بۆ ناساندی كاندییدەكانی ڕێكخست.

عەلی حوسێن بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای سلێمانی –هەڵەبجە- ڕاپەڕین، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ لە شاری هەڵمەت و قوربانی، شاری ڕۆشنبیریی، دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەین، ئەو شارەی لە شۆڕش پێشەنگ بووە، پارتی ڕەگ و ڕیشەی لەم شارەدایە و هەرگیز پارتی لەم ناوچەیە دانەبڕاوە، پارتی دەیەوێت خزمەتی زیاتری ئەم ناوچە تێكۆشەر و قوربانیدەرە بكات، خەڵكی بەویژدانی ئەم سنوورە باش دەزانن و چاو كراوەن، دەزانن كێ داكۆكیکاری سەرسەختی مافە دەستووری و ڕەواكانی گەلی كوردستانە، بۆیە ئێمە دڵنیاین دەنگ بە لیستی 275ی  پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن." 

عەلی حوسێن گوتیشی "پارتی ئامانجیەتی بانگەشەیەكی هێمنانە و دوور لە تەشهیر و ناوزڕاندن بەڕێوە بچێت، داوامان لە كاندیدانی خۆمان ئەوەیە بەشێوەیەكی دیموكراسی و هێمنانە بانگەشە بكەن و ژینگەی شار و شاروچكە و گوندەكان پاك ڕابگرن و بیپارێزن." 

عەلی حوسێن ئاماژەیشی دا "دەنگەكانمان لەم سنوورە زیاد دەكات، پارتی ئامانجیەتی خزمەتی زیاتری سلێمانی و هەڵەبەجە و ڕاپەڕین و گەرمیان بكات، پارتی هەرگیز لە بەرپرسیارێتی ڕای نەكردووە و خۆی لانەداوە، پارتی و سەرۆك بارزانی داكۆكیکاری سەرسەختی مافی هاووڵاتییانن." 

عەلی حوسێن گوتیشی "لە عێراق شەرەكات و هاوبەشی نەماوە كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، بۆیە پارتی دروشمی (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان)ی بەرزكردۆتەوە، دەیەوێت بەهێزەوە كاری بۆبكات." 

لە بەشێكی دی قسەكانی باسی لەوە كرد "پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و میللەتی كورد قوربانی داوە و وازی لە مافی خۆی هێناوە. بۆیە داوا لە خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی، گەرمیان، هەڵبجە و ڕاپەڕین دەكەین بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، چونكە ئەو لیستە لیستی شەهیدان، لیستی پێشمەرگە و لیستی داكۆكیکاری سەرسەختی مافەكانی خەڵكە، ئێمە لامان ڕوونە هاووڵاتییان بەرچاوڕوون و ھۆشیارن، دەزانن لە عێراق ئەوەی ڕشتتر و دڵسۆترە بۆیان پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانییە، بۆیە دەنگ بەو لیستە دەدەن." 

لە دوا بەشی قسەكانی عەلی حوسێن گوتی "داوا لە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی دیكەش دەكەم، نوێنەری خەڵك بن، داكۆكی لە مافە ڕەواكانی خەڵك بكەن و بەگیانی كوردستانییانە كار بكەن." 

لە دوا بەشی مەراسیمەكەش، د.ئەشواق جاف سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامی لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە بازنەی سلێمانی خوێندەوە، لە بەشێكی دا گوتی "لە ڕابردوو نوێنەرانی پارتیمان داكۆكیكاری سەرسەختی ماف و داوا ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بوون، ئێمەش سور دەبین و درێژە پێدەری ئەو ڕێبازە دەبین بۆ داكۆكیکردن لە مافە دەستووری و یاسییەكانی گەلی كوردستان. 

پارتیش بەرنامەی وایە خزمەتی زیاتری خەڵكی ئەم سنوورە بکات، بۆیە پێویستە نوێنەری پارتی لەم سنوورە زۆر بچنە پەرلەمانی عێراق و لەوێوە داكۆكی لە مافەكانیان بكەین." 

 

بەرهەم شێخ عزەدین

هەواڵی پەیوەندیدار