سەندیكای رۆژنامەنووسان داوا لە میدیاكان دەكات ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و ژینگەی سیاسیی نەشێوێنن

ھەولێر-KDP.info- سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان له ڕاگهیاندراوێكدا، داوای ژینگەیەكی دروستی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات و داوایش دەكات رۆژنامەنووسان پیشەییانە پرۆسەكە رووماڵ بكەن.
لە راگەیەنراوەكەی سەندیكای رۆژنامەنووساندا هاتووە، لەم ماوەیەدا، ململانێ و گوتاری سیاسی و میدیایی تووند دەبێت، بە ڕادەیەك كە زۆرینەی كەناڵەكانی میدیا و ڕۆژنامەنووسان دەبنە بەشێك لەم تووندبوونی گوتار و لێدوان و ڕكابەرییە سیاسییە، لەڕەوشێكی وا چاوەڕانكراودا، بەپێی ئەزموونی خولەكانی تری هەڵبژاردن، ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، ناخوازێت هیچ پێشێلكارییەك لەدژی رۆژنامەنووسان و دەزگەكانی میدیا دووبارە ببێتەوە.
" لەم ڕوانگەیەوە بانگ لە هەموو لایەنە سیاسییەكان، بەربژێران، دامەزراوە فەرمییەكانی حكوومەت و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەكەین، هاوكاری ڕۆژنامەنووسان بكەن، بەو تێگەیشتنەی كە ڕۆژنامەنووسان تەنیا پیشەیەكی گرینگ پیادە دەكەن، كە پێوەری ئازادی و دیموكراسییە بۆ هەرێمی كوردستان، داوادەكەین ڕێز لە رۆژنامەنووسان و دەزگە فەرمییەكان بگرن و هاوكاریان بن" سەندیكاكە وای نووسیوە.
ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، داوا لە دەزگەكانی میدیا دەكات، لە گوتاری میدیاییاندا، خۆیان بەدوور بگرن لەهەر شێوازێكی كاری ڕۆژانەدا، كە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و ژینگەی سیاسیی دەشێوێنێت، لە بەرانبەر ئەوەدا ئیتیك و پڕۆفیشیناڵی لەكاری میدیایی پێڕەو بكەن.




