٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی لیستی پارتی لە بازنەی ھەولێر: بانگەشەی ھەڵبژاردنی پارتی بە ژمارە ٢٧٥ رادەگەیەنین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بە فەرمی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق بە لیستی ژمارە ٢٧٥ و بە دروشمی سازان و ھاوسەنگی و ھاوبەشی ڕادەگەیەنین.

د. رێبوار ھادی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی ھەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، لە پارێزگای ھەولێر بانگەشەی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق بە ژمارە ٢٧٥ رادەگەیەنین، لەمێژ ساڵە جەماوەری خۆشەویستی ھەولێر لە رێبازی پڕشکۆی بارزانی و لە قوتابخانەی پارتیمان و لە وتار و کرداری سەرۆک بارزانی باش تێگەیشتوون و ھەمیشەش شتێک دووبارە دەکرێتەوە، ئەویش ئامانجی گەورەیە لە ڕێگه‌ی خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان، ئەو ئامانجەی پارتی ھەمیشە لە پێناویدا تێکۆشاوە.

پەیوەست بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، د. ڕێبوار دەڵێ، ئێمەی کاندیدانی پارتی بە متمانەی تەواوەوە خۆمان ئامادە کردووە، وەک کاندیدانی پارتیش خۆمان بە پارێزەری ھەموو چین و توێژەکان دەزانین، ھەر بۆیە پارتی لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستاش یەک ئامانجی ھەبووە، ئەویش پاراستنی ماف و کەرامەتی خەڵکی کوردستانە، بۆیە لەو ھەڵبژاردنەشدا بە دروشمی سازان و ھاوسەنگی و ھاوبەشی بەشداری دەکەین.

رێبوار ھادی، هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، عێراق خۆی تەوافوقییە و پێویستە ھەمووان بەشدار بین لە ئیدارەدان و بڕیاردانیش، چونکە ئەگەر ھاوبەشیی راستەقینە بچەسپێنین، دەتوانین ھاوسەنگیش بەدیبێنین و کە ھاوسەنگی و ھاوبەشیش چەسپا، دەتوانین بسازێین لەگەڵ لایەنەکان و خزمەتی زیاتر پێشکەش بکەین، بۆیە پێویستە بە رێزگرتن لە ئیرادەمان رێگه‌ی ھاوبەشیکردن دروست بکرێت، ئەوەش سەبارەت بە ئێمە پرسێکی جەوھەرییە و دەرخەری ئەوەیە ئێمە ھەمیشە لەگەڵ چارەسەریدا بووین و دەرخەری ئەوەشە ئێمە ھەست بە بەرپرسیارێتیی نیشتیمانی و مرۆیی دەکەین بۆ پێکەوەژیان، چونکە ئێمە میراتگری رێبازێکین پڕشانازی و پیرۆزە.

سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێ، ئێمە بەیەکەوە ئەو ھێزەین ئاراستەی مێژوو دیاری دەکەین، بۆیە پێویستە بزانین و شانازی بەوەوە بکەین لە ئێستا و داھاتوودا پارتی دیموکراتی کوردستان ئامانجی خزمەتکردن و ئارامی و ئاوەدانی و شکۆمەندییە، بۆیە پێویستە بە ھەموو متمانەوە بێینە مەیدان و دڵنیام سەردەکەوین.

هەواڵی پەیوەندیدار