٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەد کەمال باسی شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركووك بۆ KDP ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک کۆبوونەوە و ھەمووان ھاوڕا بوون کورد یەکدەنگ و یەکھەڵوێست بێت، چونکە شەقامی کەرکووک ئەوەی لە حیزبە کوردستانییەکان دەوێت. دەشڵێ، بڕیارە هەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە کەرکووک بە شێوەیەکی ھێمن و دوور لە ناوزڕاندن بەڕێوە بچێت.

محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، تایبه‌ت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان لە پارێزگای کەرکووک زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی یەکھەڵوێست و یەکدەنگ بین و قسەی زۆر باش کرا و بەڵێن دراوە بۆ ئەوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن بە ھێمنی و بێ ناوزڕاندن بەڕێوە بچێت و کارێک نەکەین جەماوەر لە خۆمان و حیزبە کوردستانییەکانیش بێزار بێت، بۆیە ئومێد دەکەین ھەمووان پابەندی ئەو رێنماییانە بن.

 بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی KDP.info دەڵێ، گرنگە ھەمووان پابەند بین و پرۆسەیەکی ھێمن و ئارام بەڕێوە بچێت و سیمایەکی جوان پیشان بدەین و شەقامی کەرکووکیش ئەوەی پێ باشە حیزبە کوردستانییەکان یەکدەنگ بن و پێکەوە کار بۆ مافەکانی گەلی کورد بکەن، چونکە ئەمجارە حیزبەکان بە جیا بەشداری دەکەن، بۆیە ئومێدەوارین کورد لە کەرکووک سەرکەوتوو بێت و خەڵکی ئێمەش پاڵپشت و ھاوکار بن.

ڕۆژی سێشەممە، حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش راگەیەندراوێکی پێنج خاڵییان بڵاو کردەوە، کە بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتوون:

1. بانگەشەی ھەڵبژاردن بە شێوەیەکی شارستانییانە، تەندروست، ھێمنانە، لەسەرخۆ و دوور لە ورووژاندن و ناشیرینکردنی یەکتر؛ بەڕێوە بچێت.

2.  پاراستنی سەقامگیریی شارەکە و سەلامەتیی گیان و ژیانی ھاووڵاتییان لەبەر چاو بگرێت.

3. جەخت لە قووڵکردنەوەی گیانی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکھاتەکانی شارەکە کرایەوە.

4. داوا لە ھەموو دەنگدەرانیان دەکەن،  خۆیان بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتوو ئامادە بکەن.

٥. داوا لە ئیدارەی کەرکووک دەکەن خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات، چونکە خەڵکی ئەم شارە شایستەی خزمەتکردنی زیاترە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار