لە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیا پێشوازی لە شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) کرا

وارشۆ-KDP.info- شاندێکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە ی پارتی و ئەمیر جەرگیس بەرپرسی دێسکی ئەورووپا لە پەیوەندییەکانی دەرەوە کە بە بانگهێشتێکی فەرمی کۆربەندی ئاسایشی وارشۆی ٢٠٢٥ لە ڕۆژانی نێوان ٢٩-٣٠ ی ئەیلوول سەردانی وارشۆی پایتەختیان کردووە، لە پەراویزی کۆربەندەکە دا چەندین دیدار و کۆبۆنەوەی سیاسییان لەگەڵ کەسایەتی و ئەندامانی شاندەکانی حکوومی و حزبی و دامەزراوەکانی هزری و ستراتیژی و ئەمنی و ئەکادیمی کۆماری پۆلۆنیا و جەندین شاندی بیانی ئەنجام دا و ڕۆژی ١/١٠/٢٠٢٥ لە دیدار و چالاکییەکی تری شاندەکە دا لە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیا لە لایەن بەرپرسی فەرمانگەی ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوە بەڕێز پیۆتر کازووڤسکی و بەشێک لە ستافی فەرمانگەکەیان بە گەرمی پێشوازی لە شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) کرا،
لە دیدارێکی سیاسی دا بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەرۆکی شاندەکە چەندین بابەتی گرنگیان لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیا تاوتوێ کرد لەسەر گرنگی بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری پۆلۆنیا و ڕۆڵی گرنگی باڵیۆزخانەی کۆماری پۆلۆنیا لە بەغدا و کۆنسوڵگەری گشتی ئەم وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی ئەم پەیوەندییە دۆستانەیەی نێوانیان بەرز نرخاند لە برەودان بە پەیوەندییەکانی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و کلتووری و ئەکادێمی و هاوکارییەکانی مرۆیی کۆماری پۆلۆنیا لە ڕابردوو و ئێستا و لە چەندین بواری تری جێی بایەخ دا . شاندەکە هەروا شیکردنەوەی دوا پێشهاتەکانی سیاسی و ئاسایش و پێشکەوتنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ڕەهەندەکانی دیالۆگی لێک تێکگەیشستن لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان و هەناردکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی دەستوور و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان خستە ڕوو.

سەرۆکی شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی شیکردەوەیەکی واقعبینانەی دۆخی کوردستان و پەیوەندی ئیتحادی لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە دەستوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و پرسی بودجە و مووچە و گرفتەکانی بەردەم شایستە داراییەکانی هەرێم و بابەتی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی هاوکاری ئیتحادی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەندین بابەتی تر باسکران. کە گرنگە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست و لە نێویشیاندا کۆماری پۆلۆنیا و وڵاتانی تری یەکێتی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری هەردوو لا بکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی سیاسی و دەستووری لە رێگەی دیالۆگی ئاشتیانە بۆ بنیادنانی ئاشتی و سەقامگیری و هاوکاری و پێکەوەژیان لە ناوچەکە دا. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی باسی لە دۆخی سیاسی و ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە کرد دوای هێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند وڵاتێکی ناوچەکە ،شەڕ و ناکۆکییەکان کاریگەرییان بەسەر هەرێمی کوردستانەوە هەبووە و مەترسی بۆ سەر هاووڵاتیان و سەقامگیری ناوچەکە هەبووە و تایبەت لە دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕایگەیاند کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاواین کە زامب بکرێن لە چوارچێوەی دەستووری تازەی کۆماری سوریا دا . تایبەت بە باکووری کوردستانیش هەروەک لە ڕابردوو سەرکردایەتی پارتی و هەرێمی کوردستان هاوکاری هەردوو لایەنی تورکی و کوردی کردووە بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان و پەردەوامبوونی دیالۆگی سیاسی و ئاشتیانەی نێوانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کە تێیدا دان بە مافەکانی گەلی کورد بنێن و ئارامی و سەقامگیری بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکە و کۆتایی بە شەڕ و تووندوتیژییەکان بێن و ئاشتی و ئارامی و پێشکەوتن بۆ ناوچە سنوورییەکان بگەڕێنێتەوە کە بە هۆی ئەم شەڕە درێژخایەنەوە هاووڵاتیانی گوندنشینی سەرسنووتەکانی هەرێمی کوردستان بە پلەی یەکەم زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
لە بابەت دۆخی ئێران و ناوچەکەش هیوای خواست بە ڕێگەی دیالۆگ و میتۆدی ئاشتیانە چارەسەری ناکۆکییەکانی ناوچەکە بێت و لایەنەکانی ناکۆک خۆیان لە شەڕ و توندوتیژی بەدوور بگرن.
بەرپرسی فەرمانگەی ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بۆ وارشۆی پایتەخت و بۆ بەشداریکردن لە کۆربەندی ئاسایشی نێونەتەوەیی ٢٠٢٥ و سەردانی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیا ئالۆگۆڕی بیرۆڕیان لەسەر پرسە گەرمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و عێراق و تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسهکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بنبڕکردنی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەکە دا بە فراوانی لەگەڵ شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) دا تاوتوێ کرد ، پێشکەوتنەکانی سیاسی و دیموکراتی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و کلتووری بەرزی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستانیان بەرز نرخاند و ڕایانگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیا گرنگییەکی زیاتر بە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی سیاسی و دیپلۆماسی و کلتووری خۆی دەدات لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا و پێشبینی دەکەن لە ساڵی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و وەزارەتی دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیا لە نزیکەوە چاودێری دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکەن و وەک هاوبەشێکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن و ئاشتی و دیموکراسی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان جێی بایەخی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیایە و بە هەمان شێوە لە نزیکەوە لە گەڵ عێراق کار دەکەن بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەیان.





