بزانە چەند فەرمانبەر لەرێگەی ھەژماری منەوە مووچە وەردەگرن

هەولێر-KDP. info- وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیێنێت کە زیاتر لە 500,000 مووچەخۆر مووچەی مانگی حەوت بەشێوەیەکی دیجیتاڵی لە ڕێگەی هەژماری من وەردەگرن.
ئەم پڕۆسەیە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لەسەر ئەزموونی خانەنشینان بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە دەستییان بگات بە مووچەکانیان، و لەم مانگەدا ژمارەی ئەو خانەنشینانەی کە مووچەکانیان بە هەژماری من وەردەگرن لە 20,000 زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 45,000 خانەنشین لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی زانیاری ماڵپەڕی حکومەتی ھەرێم، ژمارەی فەرمانبەران کە بەدیجیتاڵی مووچەی مانگی حەوت وەردەگرن بەپێی پارێزگا بەم شێوەیە:
لە ھەولێر:274,000
سلێمانی: 83,000
دهۆک:144,500
کۆی گشتی:501,500
تا ئێستا، زیاتر لە 900,000 مووچەخۆر خۆیان تۆمار کردووە لە پڕۆژەی هەژماری من. جێگای باسە کە لەچوارچێوەی پرۆژەکە زیاتر لە 450 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیرکراون بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی 24 کاتژمێری بتوانن پارە ڕابکێشن.
پڕۆژەی هەژماری من، کە دەستپێشخەرییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران، لە ساڵی 2023 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندرا، وەک بەشێک لە بەرنامەی کابینەی حکومەت بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیری دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.




