بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاروانی دووەمی نەخۆشانی تالاسیمیا ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران

ھەولێر-KDP.info- لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کاروانی دووەمی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.
وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٠١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کاروانی دووەمی تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێرەوە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک، ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.
کاروانەکە کە لە ٤٠ ھاووڵاتیی تووشبوو بە تالاسیمیا، لەگەڵ بەخشەران و ھاوەڵەکانیان پێکھاتبوو، لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە سەرپەرشتی دەکرا.
وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەش کردووە، ئەم ھەنگاوە دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان و ڕێکارە زانستییەکان دێت، کە تێیدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی خەرجییەکانی چوون، گەڕانەوە، مانەوە، پشکنین، نەشتەرگەری و چارەسەرەکانی گرتووەتە ئەستۆ.
ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ناردنی ١٤٠ تووشبووی تالاسیمیا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، کە بودجەیەکی نزیک بە ١١ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە. نەخۆشەکان ڕەوانەی ژمارەیەک نەخۆشخانەی پێشکەوتووی خاوەن متمانەی نێودەوڵەتی (JCI) دەکرێن، کە چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشانەش دابین دەکرێت کە بەخشەریان ھەیە یان نیانە.
لە فڕۆکەخانەی ھەولێر، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی پەیامی پەرۆشی و پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بە نەخۆش و کەسوکارەکانیان گەیاند و سوپاسی ئەم پڕۆژە مرۆڤدۆستییەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کرد.
ناوبراو ھیوای چاکبوونەوە و گەڕانەوەی سەلامەتی بۆ خواستن و ئاماژەی بەوەدا کە لەئێستادا ٧٢ ھاوڵاتی لە کاروانی یەکەم لە نەخۆشخانەکانن و لە ڕۆژانی داھاتووشدا کاروانی سێیەم بەڕێدەکرێت.
جێی باسە، ناردنی ئەم نەخۆشانە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بایەخدان بە کەرتی تەندروستی و دابینکردنی چارەسەری پێویست بۆ ئەو ھاوڵاتیانەی تووشی نەخۆشی درێژخایەن بوون.





