٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحموود ئێزدی بۆ KDP: بارەگاکانی پارتی لە نەینەوا دەکرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

نەینەوا-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا دەڵێ، دوێنی بارەگای پارتیمان لە قەزای تەلەعفەر کردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بە چەند قۆناغێک بارەگای دیکەش لە سنووری نەینەوا دەکرێنەوە.

مەحموود ئێزدی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، دوێنێ لە قەزای تەلعەفەری سەر بە پارێزگای نەینەوا بە ئامادەبوونی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی نەینەوا و ژمارەیەک بەرپرسی پارتیمان و خەڵکی شاری تەلەعفەر، بارەگای لیژنەی ناوچەی پارتی لە تەلەعفەر کرایەوە، پێشتر بارەگای پارتی لە تەلەعفەر ھەبوو، بەڵام بەھۆی رەوشی ناوچەکە و رووداوەکانی ساڵانی رابردووەوە بارەگامان لەو شارە نەمابوو، بۆیە دووبارە دوێنێ پارتی بە فەرمیی بارەگای خۆی لەو قەزایە کردەوە.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی نەینەوا گوتیشی، تەلەعفەر ھەم شارێکی گەورە و ھەم ناوچەیەکی گرینگە لە نەینەوا، ئێمەش وەک پارتی، رێکخستن و جەماوەری خۆمان ھەیە لە قەزای تەلەعفەر، بۆیە لەسەر داوای خەڵک بارەگامان کردووەتەوە و دەمێکە وەک پارتی ئامادەکاری بۆ کردنەوەی بارەگا لە تەلەعفەر دەکەین.

مەحموود ئێزدی، ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێویستە لە ھەموو شوێنێک ئامادە بین و بارەگامان ھەبێت، پلان ھەیە لە ھەموو ناوچەکانی نەینەوا بارەگای پارتی بکرێتەوە، لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای نەینەواش لەھەوڵداین بۆ ئەوەی شوێنەکانی پێشتر بارەگامان ھەبووە، دووبارە بکرێنەوە، بەڵام بە چەند قۆناغێک دەبێت و وەک مەکتەبی رێکخستنی نەینەوای پارتی کاری لەسەر دەکەین.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار