پشتیوان سادق دوا پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسیەکانی لەگەڵ هەڤاڵانی هەولێر تاوتوێ کرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە دیدارێکدا دکتۆر پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ ھەڤاڵانی پارتی لە سنووری ھەولێر ئەنجامدا، لە دیدارەکەدا پشتیوان سادق باسی لەدوا پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسیەکان کرد و تیشكی خستەسەر کارو پڕۆژە گرنگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری ھەولێر.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی ئەیلوول ٢٠٢٥، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، بەسەرپەرشتی دکتۆر پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر و بە ئامادەبوونی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و ژمارەیەک وەزیر و ئەندامانی پەرلەمان و بەرپرسانی ئۆرگانەکان کۆبوونەوەیەکی فراوان، لەگەڵ ھەڤاڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئۆرگانە جیاوازەکانی پارتی لە سنووری ھەولێر بەڕێوەچوو.
دکتۆر پشتیوان سادق، باسی لەدوا پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسیەکان کرد و ڕۆڵی ئەندامان و کادیرانی بە بەرزی نرخاند لە خزمەتی خەڵک و گەیاندنی پەیامی پارتی، کە خزمەتی گشتیە.
ھەروەھا دکتۆر پشتیوان ڕووناکی خستەسەر کارو پڕۆژە گرنگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری ھەولێر و ڕایگەیاند، کە ئەمە ئەرکی پارتی دیموکراتی کوردستانە پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی پێشکەشی خەڵکی ئازیزی ھەولێرو کوردستان بکات، هاوکات بینینی پارتی بۆ ئەمڕۆ و ئایندەیە، بۆیە خەڵکی ھەولێر و کوردستان ھەمیشە بە گەشبینانە لە ھەنگاوەکانی پارتی و سیاسەتی پارتی دەڕوانن.





