ڕاگەیاندنی پارتی ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان پیرۆز دەکات

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و ھونەرکاران لە ئێزگەی دەنگی کوردستان کرد.
دەقی پەیامی ڕاگەیاندنی پارتی بە بۆنەی(٦٢)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان
بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و ھونەرکاران لە ئێزگەی دەنگی کوردستان.
ئەمڕۆ بیرەوەری (٦٢)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستانە، بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی ھێژا و بیسەرانی ئازیزی ئێزگەکە دەکەین، دەستخۆشیی لە کارو چالاکییەکانتان دەکەین، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داھاتوو ھەنگاوی نوێتر و زیاتر بەرەوپێش بنێن.
ئێزگەی دەنگی کوردستان کە بە بڕیاری (بارزانیی نەمر) دامەزرا، دەستکەوتێکی دیکەی گرنگی بوار و بزووتنەوەی ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیریی و کولتووریمانە، ھەروەھا قوتابخانەیەکی دەوڵەمەندی پێگەیاندنی کادیر و رۆژنامەوانانی کایەی میدیا و ڕاگەیاندنە، بۆیە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو کەناڵە ڕادیۆییە وەک ھەمیشە بایەخدار و گرنگە بۆ پێشخستن و خزمەتکردنی بزاڤی میدیایی کوردستانی.
ئێزگەی دەنگی کوردستان، وەک ئێزگەیەکی دیرۆکیی و خاوەن ئەزموون، ھەمیشە سەکۆ و دەنگێکی ڕاستەقینە بووە بۆ گوزارش کردن لە خواست و ویستی خەڵک و پێکھاتە جیاجیاکانی کۆمەڵگەکەمان، ھەروەھا پیشەییانە و بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ ھەواڵ و ڕووداوەکان کردووە.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥




