وەزیری ئاوەدانکردنەوە بە داتا پرۆژەکان بۆ ھەڵەبجە دەخاتە ڕوو

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن دەڵێت"لەم كابینەیە گرنگی زۆر بە هەڵەبجە دراوە، بایی سەرووی سەد ملیار دینار پڕۆژە بۆ پڕۆژەکانی ڕێگاوبانی هەڵەبجە تەرخان كراوە."
دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتیەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند "پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی داواكاری چەندین ساڵەی هەڵەبجە بووە، خراوەتە بواری جێبەجێكردن، وەك ڕێگا و پردی تووە قووت و ڕێگا و پردی تەنكی سەید محەمەد، هەروەها لە ڕێگای مەرزی سازان دەست بە کار کراوە، چەندین پڕۆژەی ڕێگاوبانی تریش جێبەجێ كراون."
گوتیشی"هاتووین گڕوتینێك بە هەنگاوەكانی پڕۆژەكان بدەین، لەدوای ڕێككەوتنی بەغدا و هەولێر، لە ساڵانی داهاتووش پڕۆژەی زیاتر جێبەجێ بكەین، لە كوردستان بەگشتی و هەڵەبجە بەتایبەتی، ئەمڕۆ، بەدرێژی 7 كیلۆمەتر ڕێگای ژمارەیەك گوندمان كردەوە، کە زیاتر لە 613 ملیۆن دیناری تیچووە، ئەوەی لەتوانای حكوومەتی هەرێم بێت، دەخرێتە خزمەتی هەڵەبجە.
لە كابینەی نۆ زۆرترین خزمەت بە پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین کراوە، بەشێكی پڕۆژە ستراتیژییەكانی ساڵانی ڕابردوو تەواو نەكرابوون تەواو کران، چەندین پڕۆژەی تری گرنگی ڕێگاوبان ئێستا بەخێرای كاریان تێدا دەكرێت، چەندین پڕۆژەی تریشمان هەیە دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.
بە ئاماریش بڵاو دەكەینەوە، ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان تەرخان كراوە زیاترە لە شارەكانی تر، بۆ نموونە هەڵەبجە سەرووی سەد ملیار دینار، بۆ پڕۆژەی ڕێگاوبان تەرخان كراوە، وەك ڕێگا و پردی تووە قووت و پرد و ڕێگای تەنكی سەید محەمەد و ڕێگای مەرزی سازان، لەگەڵ چەندین پڕۆژەی تری ڕێگاوبان."
گوتیشی "سەرووی 2000 هەزار كیلۆمەتر ڕێگای نوێ بۆ 250 گوند قیڕكراوە، زیاتر لە 600 پڕۆژەی ڕێگاوبان تەواو کراوە، کە تێچوویان زیاترە لە یەك ترلیۆن دینار، بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی سەربەخۆ، ئەمە سەرباری قورسی قەیرانی دارایی حكوومەت."
عەزیز ڕەسووڵ




