٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فارس عیسا لەسەر رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا بۆ KDP دەدوێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت "بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا ئەنجامیان داوە، لەم ھەفتەیەدا بەغدا مووچەی مانگی حەوت ڕەوانە دەکات."

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەولەیەوتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوە بووە، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت، ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی ڕابردووش بڕیار درا مووچەی مانگی حەوت خەرج بکرێت، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش ھەندێک ڕێکار پێویستن تەواو بکرێن، ئێمەش وەکو نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو ڕێکارەکانمان تەواو کردوون و چاوەڕێ دەکرێت ئەم ھەفتەیە مووچە ڕەوانە بکرێت، بۆیە ئەوەی پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە و ١٢٠ ملیاریشی ڕەوانە کردووە، تەنیا ماوە بەغدا مووچەکە ڕەوانە بکات."
فارس عیسا، زیاتر ڕوونی کردەوە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا، تەنیا بۆ نەوت و دارایی نەبوو، بەڵکو ئامرازێکی سیاسی بوو بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا، تاوەکو سەقامگیرییەکی سیاسی و دارایی دروست بێت، بۆیە پێویستە تا مانگی ١٢ هەموو مووچەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێن."
ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "پێشتر مامەڵەی سیاسی لەگەڵ ھەرێم کراوە و داکۆکیکردنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندەکانی حکوومەتی هەرێم و ھەندێک لایەن، بووە ھۆی ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بگەینە ڕێککەوتن، ھیچ بیانوویەک نەماوە تا بەغدا ئەو مووچانەی ماون ڕەوانەیان نەکات، بۆیە لەم ھەفتەیەدا مووچەی مانگی حەوت ڕەوانە دەکرێت، دواتریش کار دەکرێت بۆ ناردنی مووچەکانی دیکە.
لەبارەی نەوتیشەوە، ڕێککەوتن تەواو بووە و بابەتی داھاتی نانەوتیش خەریکە بگەینە ڕێککەوتن، چاوەڕێ دەکرێت ئەویش ئەم ھەفتەیە تەواو بێت، دواتر ھیچ کێشە نامێنێت، ئەگەر پرسەکان بەسیاسی نەکرێن، لەمەودوا لەگەڵ بەغدا مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ھەموو مانگێک مووچەی خۆیان لە کاتی خۆیدا وەردەگرن."
دەشڵێت "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر ئەرکێکی لەسەر شان بێت جێبەجێی کردووە بۆ ئەوەی مافی خەڵکی کوردستان بەپێی دەستوور بدرێت، بۆیە پێویستە پرسەکان بەسیاسی نەکرێن، ڕێککەوتن کراوە و پێویستە لەمەودوا بەغدا وەکو ھاووڵاتیی خۆی مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بدات، مانگانە لەگەڵ پێدانی مووچەی خەڵکی عێراق، مووچەی خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش خەرج بکات، چونکە ناکرێت لەمساڵدا ھیچ مووچەیەکی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بفەوتێت، بۆیە تاوەکو یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت، گرفت هەر دەمێنێت، بەڵام ئەو ڕێککەوتنەی جێبەجێ کرا، سەقامگیری لە عێراق دروست دەکات، ئەگەر عێراق ھەر گرفتێک دروست بکات، سەقامگیریی سیاسی دەکەوێتە گرفتەوە، بۆیە ئێمە ئیرادەمان ھەیە و سەرۆکی حکوومەتیش مکوڕە بەپێی دەستوور بگەنە ڕێککەوتن، ھەر کێشەیەک ھەبێت چارەسەر بکرێت."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار