سه‌رۆكی ھەرێمی کوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیى له سه‌رۆكوه‌زیرانی فیدڕاڵ پێگه‌یشت

ھەولێر-KDP. info- پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2025/9/27 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیى له به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراقى فیدراڵه‌وه پێگه‌یشت.
له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا سه‌رۆكوه‌زیران ئه‌لسوودانى سوپاس و پێزانینى بۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپات كرده‌وه بۆ پشتگیرى و هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانى له هه‌موو قۆناغه‌كان، له‌پێناو لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و پرسى مووچه و شایستە دارایییه‌كان.
به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقى فیدراڵ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى به هه‌نگاوێكى گرنگ به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له قه‌ڵه‌م دا كه كاریگه‌ریى باشى ده‌بێت بۆ سه‌قامگیریى ئابوورى له وڵات. به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها هیواى خواست كه ڕێككه‌وتنه‌كه هاوكار و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر كۆسپه‌كانى تردا.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى بۆ ڕۆڵ و خه‌مخۆرى و هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆكوه‌زیران ئه‌لسوودانى ده‌ربڕى بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه ڕێككه‌وتنه‌كه ئاسۆى تازه له‌به‌رده‌م هاریكاریى هاوبه‌شى هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌كاته‌وه و هیواى خواست یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ده‌ركردنى یاساى نه‌وت و چاره‌سه‌ركردنى پرسه هه‌ڵواسراوه‌كان و كێشه‌كانى دیكه.
به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها سوپاسى به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراقى فیدراڵى كرد كه هه‌میشه نیازى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵاتى نیشان داوه و له‌و پێناوه‌دا كارى كردووه، به‌تایبه‌تیش پرس و كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌موو ئه‌و تیم و لایه‌نه په‌یوەندیدارانه‌ى له هه‌ولێر و به‌غدا كرد كه كاریان بۆ چاره‌سه‌ر و گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن، كردووه.




